ئەمڕۆ چوارشەم یەکی نیسانی 2026، وەزارەتی نەوتی عێراق دووپاتی کردەوە کە دەستیان بە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی ڕەش لە ڕێگەی تانکەرەوە بۆ ناو خاکی سووریا کردووە، ئەوەش وەکوو ئامادەکارییەک بۆ گەیاندنی بە دەروازەکانی هەناردەکردن بە مەبەستی پاڵپشتیکردنی ئابووریی وڵات، ئەمەش دوای پەککەوتنی جووڵەی هەناردەی دەریایی لە گەرووی هورمزەوە دێت.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا کە دەست "وشە" کەوتووە، ڕای گەیاندووە لە پێناو پاڵپشتیکردنی ئابووریی نیشتمانی و دابینکردنی داهاتی دارایی بۆ خەزێنەی دەوڵەت، وەزارەتی نەوت دەستی بە پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی ڕەش لە ڕێگەی تانکەرەوە بۆ وڵاتی سووریا کردووە.
هەروەها ئاماژەی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنی سووری کردووە کە کار دەکات بۆ دابینکردنی گەیشتنی ئەو بڕە نەوتەی دەچێتە ناو خاکی سووریا بۆ دەروازەکانی هەناردەکردن، وەزارەتەکە ئەوەشی دووپات کردەوە کە پرۆسەی هەناردەکردنەکە بە شێوەیەکی هەڵکشاو دەبێت بۆ زیادکردنی بڕی هەناردەکراو لە پێناو پاڵپشتیکردنی ئابووریی وڵات.
لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە کە وەزارەتی نەوت پێشتر هەناردەکردنی نەوتی خاوی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەست پێ کردووەتەوە.
لە لایەکی ترەوە، کۆمپانیای نەوتی سووریا ئێوارەی چوارشەم گەیشتنی یەکەم کاروانی نەوتی ڕەشی عێراقی بۆ ناو تانکەرەکانی پاڵاوگەی بانیاس لە ڕێگەی دەروازەی تەنەفەوە ڕاگەیاند، کە تیمە هونەرییەکان بەپێی ئامادەیی کارپێکردنی پەسەندکراو، دەستیان بە پرۆسەی بەتاڵکردنەوە کردووە.
کۆمپانیاکە ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پلانێکی گشتگیری دابینکردن، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئامادەکردنی بارەکان و دووبارە بارکردنەوەیان لەسەر کەشتییە دەریاییەکان کە تەرخان کراون بۆ گواستنەوەیان بۆ شوێنی مەبەستی کۆتایی هەناردەکردن، ئەمەش گوزارشتە لە لێهاتوویی ژێرخان و توانای کارمەندانی نیشتمانی لە بەڕێوەبردنی پرۆسەکان بەوپەڕی سەرکەوتوویی.
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) گرێبەستی بۆ دابینکردنی نزیکەی 650 هەزار تۆنی مەتری لە نەوتی ڕەش مانگانە لە ماوەی مانگەکانی نیسان تا حوزەیران واژوو کردووە، کە بڕیارە بڕەکان بە وشکانی و بە ناو خاکی سووریادا بگوازرێنەوە.
لە لای خۆیەوە، موجاهید مەرزی دلێمی، بەڕێوەبەری شارەدێی وەلیدی عێراقی ڕای گەیاند کە لە ئێستەدا زیاتر لە 150 تانکەر لە چاوەڕوانی چوونە ناو خاکی سووریادان و پێشبینی دەکرێت تێکڕای چوونە ژوورەوەی تانکەرەکان بگاتە نزیکەی 500 تانکەر لە ڕۆژێکدا.