ڕۆژنامەیەكی بەریتانی بڵاوی كردەوە، وڵاتانی كەنداو تاوتوێ دانانی تۆڕێكی نوێی بۆڕیی هەناردەكردنی نەوت و هێڵی ئاسنین بۆ سەر دەریای ناوەڕاست دەكەنەوە، نایانەوێ چیتر پشت بە گەرووی هورمز وەك سەرچاوەی هەناردەكردنی نەوت بۆ دەرەوە ببەستن.
ڕۆژنامەی
فاینەنشاڵ تایمزی بەریتانی، ڕاپۆرتێكی لەبارەی لێكۆڵینەوە و بە دواداچوونی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی دەكات، بۆ دروستكردنی تۆڕێكی فرەوانی بۆڕیی نەوت و هێڵی ئاسنین كە وڵاتانی كەنداو بە دەریای ناوەڕاست ببەستێتەوە، یەكێك لە بژارەكانیش بەستنەوەی كەنداوە بە بەندەری حەیفای ئیسرائیل و ناردنەدەرەوەی نەوتە لەو ڕێگەیەوە.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، سعوودیە تاكە وڵاتی كەنداوە كە تا ئێستە بەردەوامە لە هەناردەكردنی نەوت بۆ دەرەوە، ئەمەیش بەهۆی ئەوەی پێشتر بۆڕیی نەوتی بە درێژایی كەناراوەكانی باشوور و ڕۆژئاوا ڕاكێشاوە، واتە تەنیا پشتی بە هەناردەی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمز لە باشووری وڵاتەكە نەبەستووە، بەڵكو كێڵگە نەوتییەكانی بە بۆڕی بە بەندەری یەنبەع لەسەر دەریای سوور بەستووەتەوە، ئێستەیش هیچ گرفتێك لە دەریای سوور نییە و زۆرترین بڕی نەوتی خام هەناردەی دەرەوە دەكات.
بەرپرسێكی پلەبەرزی جێبەجێكار لە كەرتی وزەی یەكێك لە وڵاتانی كەنداو، بۆ فاینەنشاڵ تایمز دووپاتی كردووەتەوە، بە ڕوانین لە ڕابردوو دەردەكەوێ كە دروستكردنی بۆڕیی نەوت بەلای ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی سعوودیە، هەنگاوێكی ژیرانە و ناوازە بوو پێشتر سعوودیە گرتیەبەر.
هێما بۆ ئەوەیش كراوە، پڕۆژەی نوێ تەنیا خۆی لە دروستكردنی بۆڕیی نەوتی نوێ نابینێتەوە، بەڵكو فراوانكردنی ژێرخانی ئێستەیە بە دروستكردنی تۆڕێكی نوێی بۆڕیی نەوت و هێڵی ئاسنین و ڕێگەی خێرا، تا وڵاتانی كەنداو بە دەریای ناوەڕاست یان دەریای سوور ببەستێتەوە، لە هەنگاوێكی لەم جۆرەیشدا چیتر وڵاتانی كەنداو پێویستیان بە گەرووی هورمز نابێ و زۆرینەی نەوتی دنیایش چیتر بە گەرووی هورمز تێپەڕ نابێت.
كریستۆفەر بووش سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای كات گرووپی لبنانی بۆ بنیاتنان گوتی، گرنگترین كۆمپانیاكانی جێبەجێكاری دروستكردنی بۆڕیی نەوتی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای سعوودیە، پرسیاریان لێ كراوە لەبارەی هێڵی نوێی جیاوازی بۆڕیی نەوت.