تورکیا پێنج ڕێڕەوی جێگرەوە بۆ گەرووی هورمز دەخاتە ڕوو

:: AM:09:07:03/04/2026 ‌
عومەر پۆڵات وەزیری بازرگانیی تورکیا، ئاماژەی بە پێنج ڕێڕەوی جێگرەوە بۆ گەرووی هورمز کرد، کە نزیکەی 20%ـی دابینکردنی نەوت و غازی سروشتیی جیهان بە ناویاندا تێدەپەڕێت.

دوێنێ پێنجشەم، لە میانی کۆڕبەندی ژووری بازرگانی و پیشەسازی لە پارێزگای وان لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، پۆڵات ڕای گەیاند کە داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن ئێرانەوە لە کاتی شەڕدا، لێکەوتەی نەرێنیی زۆر گەورەی لێ کەوتووەتەوە، بەتایبەتی لەسەر کەرتی وزە و پێترۆکیمیاوییەکان. زیاتر گوتی، ئەمە بووەتە هۆی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەکردن لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکەمان، بە جۆرێک هەناردەمان بۆ وڵاتانی ناوچەکە بە ڕێژەی 40% لە ماوەی یەک مانگدا دابەزیوە.

پۆڵات ڕوونی کردەوە، سەرەڕای داخستنی گەرووی هورمز، دەکرێت ڕێگەی تر بکرێنەوە و حكوومەتەکەمان هەوڵی ڕژد دەدات بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، دووپاتیشی کردەوە کە ڕێگە جێگرەوەکان بژاردەیەکی گرنگن بۆ بەرهەمهێنەران و بەکاربەران، بەتایبەتی لە کاتی قەیرانەکاندا.

لە ناو ئەو ڕێڕەوانەی کە وەزیری بازرگانیی تورکیا ئاماژەی پێ کردن، ڕێگەی وشکانیی بە ناو عێراق و ڕێگەیەکی تر بە ناو سووریا، لەگەڵ ڕێڕەوی سوێس - دەریای سوور کە هەردوو گواستنەوەی دەریایی و وشکانی لەخۆ دەگرێت، سەرباری ڕێڕەوی عومان و ڕێگەی هیوای چاک بە ناو ئاوەکانی باشووری ئەفریقا.

میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ڕێڕەوی کۆتایی پێشتر دەخرێت لە کاتێکدا مەترسییە تەناهییەکان بەرز بن، چونکە دەبێتە هۆی خۆلادان لە نۆکەندی سوێس، بەڵام ماوەی گەشتەکە لە 10 بۆ 15 ڕۆژ زیاتر دەکات و تێچووەکانیش بەرزتر دەکاتەوە.

لە 28ـی شوباتەوە، ئەمەریکا و ئیسرائیل دەستیان بە بۆردومانکردنی ئامانجەکان لە ناو ئێران کرد، لە بەرانبەردا ئێرانیش ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکای لە ناوچەکە کردە ئامانج.

لە ناو ئەم هەڵکشانەدا، جووڵەی کەشتیوانی بە ناو گەرووی هورمزدا بە شێوەیەکی نیمچە تەواوەتی پەککی کەوتووە، ئەمەش بووەتە هۆی وەستانی دابینکردنی نەوت و غاز بۆ بازاڕەکانی جیهان و بەرزبوونەوەی تیژی نرخی سەرچاوەکانی وزە.


وشە - پۆڵا مەحموود