بەهۆی هەڕەشەکانی ترەمپەوە نرخی نەوت بۆ 110 دۆلار بەرز بووەوە

:: AM:10:46:03/04/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی سێی نیسانی 2026، نرخی نەوت لە بازنەی 110 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوە کرا، ئەمەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بەڵێنی دا لە چەند هەفتەی داهاتوودا جەنگی ئێران فراوانتر بکات، کە بووە هۆی کەمبوونەوەی ئومێدەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی خێرا و بەردەوامبوونی پچڕانی هەناردەی وزە بە ناو گەرووی ستراتیجیی هورمزدا.

نرخی نەوتی خاوی برێنت بۆ نزیکەی 110 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرز بووەوە، پێش ئەوەی دابەزێت بۆ نزیکەی 109 دۆلار، هاوکات نەوتی خاوی تەکساس بە ڕێژەی 11% بەرز بووەوە و لە سەرووی 110 دۆلارەوە مامەڵەی پێوە دەکرێت.

هەروەها گرێبەستە پێوەرییەکانی داهاتووی دیزڵ بەرز بوونەوە و بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2022ـەوە 200 دۆلاریان تێپەڕاند، نەوتی خاوی برێنتی دیاریکراویش کە گرنگترین نرخی جیهانییە بۆ بارەکانی نەوت، گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی 18 ساڵی ڕابردوودا.

لە ڕاپۆرتێکدا کە دەست "وشە" کەوتووە، هاتووە، ئەمڕۆ هەینی بەهۆی پشووەکانی جەژنەوە مامەڵە بە گرێبەستەکانی داهاتووی نەوت ناکرێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی ماوەیەکی درێژتر لە کاتی ئاسایی بەبێ گۆڕانکاری لە نرخەکاندا.

بەرزبوونەوەی نرخەکان دوای گوتارە دەگمەنەکەی ترەمپ هات بۆ گەلەکەی لە کاتی لوتکەی بینیندا، کە تێیدا جەنگەکەی وەک سەرکەوتنێک خستە ڕوو.

سەرۆکی ئەمەریکا لە گوتارەکەیدا ئەوەی خستە ڕوو کە ئەمەریکا لە ماوەی دوو بۆ سێ هەفتەی داهاتوودا بە تەواوی و زۆر بە توندی لە ئێران دەدات، دوای کۆتاییهاتنی ململانێکەش گەرووی هورمز بەشێوەیەکی ئاسایی دەکرێتەوە، بێ ئەوەی هیچ وردەکاری یان خشتەیەکی کاتیی ڕوون بخاتە ڕوو.

لە بەشێکی تری قسەکانیدا هێمای بۆ ئەوە کرد کە ئەو وڵاتانەی نەوت لە ڕێگەی گەرووەکەوە بەدەست دەهێنن، دەبێت دەستپێشخەری بکەن لە پاراستنی بارەکانیاندا. لە لایەکی ترەوە ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فڕەنسا دووپاتی کردەوە، بەکارهێنانی ئامرازە سەربازییەکان بۆ کردنەوەی گەرووەکە کارێکی لۆژیکی نییە.


وشە - پۆڵا مەحموود