پێنج كەشتی بە گەرووی هورمز تێپەڕین

:: AM:10:28:04/04/2026 ‌

داتا و زانیارییەكانی چاودێریی كەشتیوانی دووپات لەوە دەكەنەوە، پێنج كەشتیی بازرگانی بە گەرووی هورمز تێپەڕیون كە خاوەندارییان بۆ سوڵتاننشینی عومان و فڕەنسا و ژاپۆن دەگەڕێتەوە.

بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێكی دەستەی چاودێریی كەشتیوانیی نێودەوڵەتی، سێ كەشتی بەكارخستن كە خاوەندارییان بۆ كۆمپانیایەكی سوڵتاننشینی عومان دەگەڕێتەوە، هەروەها كەشتییەكی كۆنتێنەری سەربە كۆمپانیای سی ئێم ئەی سی جی ئێمی فڕەنسی و كەشتییەكی گواستنەوەی غازی ژاپۆنی بە گەرووی هورمز تێپەڕین، لە هەنگاوێكدا كە پێچەوانەی هەنگاوەكانی ئێرانە، پێشتر دووپاتی لەوە دەكردەوە كە گەرووەكە بۆ وڵاتانی نەیاری ئێران بە داخراوی دەمێنێتەوە.

ئێران لە كۆتایی مانگی شوبات/فێبرایەری ڕابردوو، دوای دەستپێكردنی جەنگ گەرووی هورمزی بە ڕووی كەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەكان داخست، دواتر داوای باج و سەرانەی دوو ملیۆن دۆلاری لە تێپەڕینی هەر كەشتییەك بە گەرووەكە دەكرد، ئەمەیش تەنیا بۆ ئەو وڵاتانەیە كە ئێران بە دوژمنی خۆی هەژماری نەكردوون و دووپاتی لەوە دەكردەوە، گەرووی هورمز بۆ كەشتی وڵاتانی دوژمن بە داخراوی دەمێنێتەوە.

تێپەڕینی كەشتییەكی فڕەنسی و ژاپۆنی كە بە هاوپەیمانی ئەمەریكا هەژمار دەكرێن، مانای جۆرێك لە پاشەكشەی ئێران لە هەڕەشەكانی پێشووی لێكدەدرێتەوە، لە تەك ئەمەیشدا خوێندنەوەی ئەوە دەكرێ كە پاریس بێلایەنی لەو جەنگە هەڵبژاردووە، بۆیە ئێران وەك دوژمنی خۆی سەیری ناكات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د