كەشتییەكی نەوتی عێراق بە هورمز تێپەڕی

:: PM:03:04:05/04/2026 ‌
دوای بڕیارەكەی ئێران بە لێخۆشبوونی عێراق لە تێپەڕبوون بە هورمز، ئەمڕۆ یەكەم كەشتیی نەوتی عێراق بە هورمز تێپەڕی كە یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی هەڵگرتووە.

ئەمڕۆ یەكشەم پێنجی نیسان، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی كردەوە، بەگوێرەی زانیارییەكانی بۆرسەی لەندەن و كۆمپانیای كیپلەر، یەكەم كەشتیی نەوتی عێراق بە گەرووی هورمز تێپەڕی، كەشتییەكە ناوی ئۆشن ساندەرە و نزیكەی یەك ملیۆن بەرمیل نەوتی بەسرەی هەڵگرتووە.

لە هەواڵەكەی رۆیتەرزدا روون كراوەتەوە، ئەو نەوتەی عێراق لە دووی مانگی رابردوو بار كراوە و پێشبینی دەكرێت، لە ناوەڕاستی ئەم مانگە لە مالیزیا نەوتەكان بەتاڵ بكرێت.

دوێنێ‌ ئێران رای گەیاند، هەر بڕیارێك لەبارەی تێپەڕبوون بە هورمز بدرێت، ئەوا لە عێراق خۆش دەبێت و بارە نەوتەكانی عێراق دەتوانن تێبپەڕن.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل