سۆمۆ داوا لە كەشتییەكان دەكات نەوتی بەسرە بار بكەن

:: PM:12:13:06/04/2026 ‌
سۆمۆ داوا لە بریكارەكانی دەكات لە ماوەی 24 سەعاتدا خشتەی باركردنی نەوتی عێراق ئامادە بكەن، هاوكات میدیای عێراقی ئاشكرای دەكات، كەشتییەكی نەوتی عێراق لە گەرووی هورمز گیری خواردووە و ئێران رێگەی تێپەڕبوونی نادات.

ئەمڕۆ دووشەم شەشی نیسان، بەگوێرەی نووسراوێك كە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی كردووەتەوە، كۆمپانیای سۆمۆ كە بەرپرسە لە فرۆشتنی نەوتی عێراق، داوای لە بریكارەكانی كردووە خشتەیەك ئامادە بكەن بۆ باركردنی نەوت لە بەندەرەكانی بەسرە. ئەم هەنگاوەیش دوای ئەوە دێت كە ئێران رێگەی بە تێپەڕبوونی نەوتی عێراق داوە.

هاوكات كەناڵی وان نیوزی عێراقی ئاشكرای كردووە، ئەمڕۆ رێگە نەدراوە كەشتییەك كە نەوتی عێراقی هەڵگرتووە، بە هورمز تێپەڕێت و ئێران داوای بەڵگەی لێ كردووە بۆ سەلماندنی ئەوەی نەوتی عێراقی هەڵگرتووە.

بەگوێرەی رۆیتەرز، ئەمڕۆ چەندان كەشتی بە هورمز تێپەڕیون و ماڵپەڕی تابناكی ئێرانیش دەڵێ‌، "ژمارەی ئەو كەشتییانە تێپەڕیون، 15یە ".
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل