لەبارەی كۆبوونەوەی نێوان شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، زانیاریی نوێ راگەیەنرا و لەسەر رێككارە گومرگییەكان هەردوو حكوومەت رێككەوتن.
فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق كە ئەمڕۆ دووشەم شەشی نیسان، سەرپەرشتیی 13ـەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی كردووە رای گەیاند، میوانداریكردنی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن بووە لەسەر یەكخستنی رێكارە گومرگییەكان لە دەروازە سنوورییەكان.
دووپات لەوە كراوەتەوە كە لەسەر یەكخستنی سیاسەتی گومرگی لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستان رێككەوتوون، بەتایبەتی لە بواری پێناسەی گومرگی و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی. هەروەها بڕیار درا سیستمی "ئەسیكۆدا" لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت، بە مەرجێك داڕشتنی سیاسەتی گومرگی ئەركی حكوومەتی فیدراڵی بێت و بەڕێوەبردنی گومرگەكانیش بەشێوەی هاوبەش بێت لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان.
فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبوونەوەكەدا رای گەیاند، عێراق بەهۆی دۆخی جەنگ لە ناوچەكەدا رووبەڕووی سەختیی تەناهی و ئابووری بووەتەوە، بۆیە یەكخستنی هەوڵەكان زۆر پێویستە.
لە بەرانبەردا سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە دا، حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشتگیریی هەر هەوڵێكی حكوومەتی فیدراڵی دەكات بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی رێكارە گومرگییەكان، ئەمەش شەفافییەت زیاتر دەكات و داهاتی گشتی بەرز دەكاتەوە.
شاندی هەرێمی كوردستان پێكهاتبوون لە سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆكی نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا، راوێژكاری وەزارەتی دارایی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگ، بەڕێوەبەری گشتیی بەدواداچوون و هاوئاهەنگی، لەگەڵ سەرۆكی ژوورە بازرگانییەكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە.