بۆچی عێراق بە بەردەوام لە تەنگژەدایە؟

:: PM:07:26:06/04/2026 ‌

لەگەڵ هەر شەڕ و رووداوێكی گەورە لە دنیا ئابووری و دارایی عێراق دەكەوێتە تەنگژە و عێراقییەكان دەبنە دیلی ترس و دڵەراوكێ، وای لێ هاتووە عێراقییەكان چاویان لەسەر تەواوی دنیا بێت و لەگەڵ هەر شەڕ و ناكۆكییەك نیگەرانی دایان بگرێت كە كار لە بژێوی و مووچەكەیان نەكات، شارەزایەك پێی وایە شەڕی ئێران زیاتر كاری لە عێراق كردووە، چونكە عێراق هەموو شتێك لە دەرەوە هاوردە دەكات.

ئەحمەد عەبدرەبە شارەزای ئابووری دەڵێت، عێراق زیاتر لە ئێران بەو شەڕە كاریگەر بووە، چونكە ئابووریی ئێران جێگیرترە و تا ئاستێكی زۆر خۆبژێوە و پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی دەبەستێت و عێراقیش نزیكەی هەموو شتێك لە دەرەوە هاوردە دەكات، بەشێكی زۆری بودجەی عێراق بۆ مووچە دەچێت، 90%ی بودجەكەش پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، بۆیە هەر كێشەیەكی دنیا یان لە ناوچەكە راستەوخۆ كار لە دۆخی دارایی عێراق دەكات، بۆیە ئێمە بەردەوام هەڕەشەی تەنگژەی دارایی و ئابووریمان لەسەرە.  

لای خۆیەوە عامر عەبدولجەبار پەرلەمانتار پێی وایە ئەو شەڕەی ئێران كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر عێراق هەیە و ئابووری عێراقی تووشی زیانی گەورە كردووە، لەوكاتەی حكوومەت باسی زیانەكان ناكات و هەوڵی دڵنیاكردنەوەی خەڵك دەدات، دووپاتی كردەوە، یەكێك لە كاریگەرییەكان لەسەر بەهای دیناری عێراقی بوو، كاتێك نرخی دۆلارێك لە 1400 دینارەوە بۆ 1530 دینار بەرز بووەوە، ئەوەش كار لە توانای كڕینی عێراقییەكان دەكات، بەتایبەتی كە زۆرینەی كاڵا هاوردەكراوەكان بە دۆلارە نەك دینار.

ئەو پەرلەمانتارە وریایی لە خراپتر دا بەوەی بەهۆی شەڕەوە وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕیی بازرگانی كەمی كردووە و پلانە ئابوورییەكان وەستاوە و سەرمایە بلۆك بووە و وەبەرهێنەران و كۆمپانیاكان لە عێراق رۆیشتوون، بۆیە بەردەوامیی شەڕەكە زیانی گەورەتر و دۆخێكی ئاڵۆزتر لە عێراق دروست دەكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل