ڕۆژنامەیەكی عیبری بڵاوی كردەوە، تێچووی ئەو جەنگەی
ئیسرائیل دژی ئێران و حزبوڵا لە باشووری لبنان دەستی پێ كردووە، لە سەرەتاوە تا ئێستە گەیشتووەتە نزیكەی 15 ملیار دۆلاری ئەمەریكی، چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی ئەو ژمارەیەش دەكرێ لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرش و بۆردمانەكان.
ڕۆژنامەی كالكالیستی ئیسرائیلی تایبەت بە بواری ئابووری بڵاوی كردووەتەوە، تا ئێستە تێچووی جەنگ لە دژی ئێران و حزبوڵا لە باشووری لبنان گەیشتووەتە 47 ملیار شیكل كە دەكاتە نزیكەی 15 ملیار دۆلاری ئەمەریكی، پێشبینی دەكرێ ئەو ژمارەیە زۆر بەرزتر ببێتەوە لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگ و لێكەوتە مەترسیدارەكانی بۆ سەر ئابووری ئەو وڵاتە.
ڕۆژنامەكە ئاماژەی داوە، وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل داوای 39 ملیار شیكل 12.4 ملیار دۆلاری تری وەك بودجە كردووە، بۆ ئەوەی تێچووی سەربازی جەنگ دەستەبەر بكات، ئەمەیش لە كاتێدایە كە بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەو وڵاتە تا ئێستە بەمشێوەیە ئەو بڕە زۆرەی پارەی بۆ خەرج نەكراوە.
هێما بۆ ئەوەیش كراوە، ئیسرائیل قەرەبووی ئەو هاووڵاتییانەیش دەكاتەوە كە زیان بەر ماڵەكانیان لە ئەنجامی جەنگ دەكاتەوە، تێچووی ئەمەیش دەگاتە نزیكەی 1.5 ملیار شیكل واتە 320 تا 450 ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی، بارگرانی سەرەكی سەر بودجەی ئیسرائیل زیاتر دەبێت، كاتێك قەرەبووی كۆمپانیا و كرێكارانیشی بە بڕی نزیكەی حەوت ملیار شیكل كە دەكاتە 2.3 ملیار دۆلار دەكرێتەوە.
ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، ئەم بارگرانییە ئابوورییە وا دەكات كە سیاسەتی دەستپێوەگرتن و كەمكردنەوەی خەرجییەكان لەلایەن حكوومەتەوە پێڕەو بكرێت، بۆ ئەوەی بتوانرێ بودجەی پێویست بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ و قەرەبووكردنەوەی زیانلێكەوتووەكان بوونی هەبێت.