وەزارەتی بازرگانی: چوار ملیۆن فەردە ئارد كە پشكنینیان بۆ كراوە و پلەیەكن ڕادەستی بریكارەكان كرا

:: AM:10:37:07/04/2026 ‌
وەزارەتی بازرگانیی عێراق ڕای گەیاند، لە چوارچێوەی پلانی دابینكردنی پێداویستییە خۆراكییەكان بۆ هاووڵاتییان، چوار ملیۆن فەردە ئاردیان ڕادەستی بریكارەكان كردووە.

موحسین محەمەد ئەلنامس بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای گشتیی پیشەسازیی دانەوێڵەی سەربە وەزارەتی بازرگانیی عێراق، لە ڕاگەیەنراوێكدا ڕای گەیاند: تیمەكانی چاودێری لە بەغدا 379 سەردانی مەیدانییان بۆ ئاشەكان و بریكارەكان ئەنجام داوە، تێیدا 144 سەرپێچی تۆمار كراوە.

باسی لەوەش كردووە: پشكنینی تاقیگەیی و تاقیكردنەوەی نانكردن ئەنجام دراوە بۆ دڵنیابوون لەوەی ئاردەكە لەگەڵ ستانداردە جیهانییەكان دەگونجێت.

هەروەها ئاماژەی بەوەش كرد، تیمەكانی كۆمپانیاكە بەردەوامن لە بەسەركردنەوە مەیدانییەكانیان لە پارێزگاكانی كەركووك، سەڵاحەدین، دیالە، بابل، كەربەلا، نەجەف، دیوانییە، موسەنا، میسان و بەسرە، بە مەبەستی سەقامگیریی پرۆسەی دابەشكردن و چاودێریكردنی كوالێتیی بەرهەمەكان.

لە كۆتاییدا دووپاتی كردەوە كە ئەم هەوڵانە هاوكاتن لەگەڵ بەدواداچوون بۆ سكاڵای هاووڵاتییان و چارەسەركردنیان، بەجۆرێك كە ببێتە هۆی دابینكردنی ئاردی باش بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و پاراستنی سەقامگیریی بازاڕ.



وشە - سۆران عەزیز