حكوومەتی عێراق بڕیاری دا سەرجەم فڕۆكەكانی بۆ وڵاتانی تر بگوازێتەوە

:: AM:11:36:07/04/2026 ‌
بەهۆی خراپیی دۆخی تەناهییەوە حكوومەتی عێراق بڕیاری دا، سەرجەم فڕۆكەكانی هێڵی ئاسمانیی وڵاتەكەی بۆ توركیا، میسر و هۆڵەندا بگوازێتەوە.

حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە فڕۆكەكان لە فڕۆكەخانەكانی ناوخۆدا نەمێنن و ڕەوانەی دەرەوە بكرێن، تا لەوێ كاری سێرڤسی ساڵانە و نۆژەنكردنەوەیان بۆ بكرێت و لە مەترسییەكانی جەنگ پارێزراو بن.

بەنگین ڕێكانی سەرۆكی دەسەڵاتی فڕۆكەوانی عێراقی كە هاوكات وەزیری ئاوەدانكردنەوەیە ڕای گەیاند، حكوومەتی عێراقی بڕیاری داوە سەرجەم فڕۆكەكانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی بۆ سێ وڵات بگوازرێنەوە.

 بەڵام ئاماژەی بەوەش كرد كە جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە، بەندە بە ئاستی سەلامەتیی ئاسمانی عێراق، واتە ئەگەر دۆخەكە زۆر مەترسیدار بێت، ڕەنگە نەتوانن فڕۆكەكان لەم كاتەدا بگوازنەوە.

پرۆسەی گواستنەوەی فڕۆكەكان بەپێی جۆر و قەبارەكانیان بەسەر سێ وڵاتدا دابەش كراوە:

فڕۆكەكانی بۆینگی 737 كە بۆ گەشتی كورت و مامناوەند بەكار دێن، ڕەوانەی توركیا دەكرێن بۆ نۆژەنكردنەوە و هەڵگرتن.

فڕۆكەكانی جۆری ئێرباس بۆ میسر دەنێردرێن بە مەبەستی ئەنجامدانی سێرڤسی ساڵانە و ئامادەكردنیان بۆ فڕین.

فڕۆكە گەورەكانی وەك بۆینگی 787 و 777 و هەروەها ئێرباس 330 بەرەو هۆڵەندا دەگوازرێنەوە بە مەبەستی هەڵگرتن و ئەنجامدانی سێرڤس.




وشە - سۆران عەزیز