ئەمەریكا هەموو هەوڵێك دەدات بۆ كردنەوەی گەرووی هورمز، ئێستە بە رێككەوتن و ئەگەر نەكرا بە زەبری هێز، ئەوەش بەهۆی گرنگی ئەو گەروە بۆ تەواوی دنیا، لەو ناوەدا رووسیا هەوڵی مانەوەی گەرووەكە بە داخراوی دەدات و ئەمڕۆ لە ئەنجوومەنی ئاسایش لە پاڵ چین ڤیتۆیان لە دژی كردنەوەی گەرووەكە بەكار هێنا، ژووری بازرگانی ئەڵمانی- رووسی ئاماژە دەكات كە بەهۆی داخرانی گەرووەكە رووسیا لە ماوەی مانگێكدا 10 ملیار یۆری قازانج كردووە.
وەك
ژوورەكە ئاماژەی كرد، رووسیا لە هەناردەكردنی نەوت و غاز و پەین لە دوای داخرانی گەرووی هورمز، زیاتر لە 10 ملیار یۆرۆی لە مانگێكدا دەست كەوتووە، ماتیاس شیب سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگێڕیی ژوورەكە بە ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیای راگەیاند، رووسیا سوودمەندی یەكەم و گەورەی شەڕی ئێستەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.
ئێستە رووسیا بە چەند شێوەیەك قازانجێكی زۆر دەكات، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا، شیب دەڵێت، ئەو كارە پارەیەكی خەیاڵی بۆ رووسیا دێنێت، لە حاڵەتی جێگیربوونی نرخی نەوت لەسەر 100 دۆلار بۆ بەرمیلێك، رووسیا ساڵانە 71.8 ملیار دۆلاری دەست دەكەوێت.
لە سایەی نرخی ئێستەی نەوت، مۆسكۆ ساڵانە 50 ملیار دۆلاری تەنیا لە فرۆشتنی نەوت و غاز دەست دەكەوێت، بۆیە بەرپرسانی رووسیا خوازیارن نرخی نەوت بگاتە 200 دۆلار بۆ بەرمیلێك، ئەوكات داهاتی ساڵانە دەگاتە 350.4 ملیار دۆلار، ئەوە لەو كاتەی ئابووری رووسیا تا ئاستێكی زۆر پشت بە داهاتی نەوت و غاز دەبەستێت و بەر لە شەڕی ئێران، بودجەی رووسیا 5.6 تریلیۆن رۆبل كورتهێنانی هەبوو.