ئەمڕۆ سێشەم حەوتی نیسانی 2026، نرخی ڕادەستکردنی فیعلیی نەوت گەیشتە ئاستێکی پێوانەییی نوێ و نزیک بووەوە لە 150 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، بەوەش پێشی نرخی گرێبەستەکانی داهاتوو کەوت، ئەمەش بەهۆی "ترس و دڵەڕاوکێ لە دابینکردنی نەوت"، وەک ئەوەی لە داتاکانی کۆمپانیای شیکاریی (LSEG)ـدا هاتووە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز کە پشت بە داتاکانی کۆمپانیاکە دەبەستێت، نرخی نەوتی "فۆرتیس" گەیشتووەتە 146.09 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، کە ئەمەش بەرزترین ئاستی مێژوویییە و پێشی ساڵی 2008 کەوتووە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە نرخی ئەم جۆرە نەوتە، وەک زۆر جۆری تر، گرێ دراوە بە بەهای ڕادەستکردنی فیعلیی نەوتی خاوی برێنت، کە لە ئێستەدا بە بڕی نزیکەی 20 دۆلار پێشی نرخی گرێبەستەکانی داهاتوو کەوتووە.
عودەی ئیمشیرۆڤیچ بازرگانی نەوت، کە ئاژانسەکە بۆچوونەکەی گواستووەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی ئەم جۆرە نەوتانە، ئەو "ترس و دڵەڕاوکێیە لە دابینکردنی نەوت" کە بەهۆی ململانێکانەوە دروست بووە، ناوبراو دووپاتی کردەوە کە "کاتێک کەمبوونەوەیەکی ڕاستەقینە و فیعلی هەبێت، خەڵک بیر لە دابینکردنی مانگی تەمووز یان بارەکانی حوزەیرانی داهاتوو ناکەنەوە، بەوەش بیر لە گرێبەستەکانی داهاتووی حوزەیران ناکەنەوە."
هاوکات ڕۆیتەرز ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە نرخی بەرهەمە نەوتییەکان لە ئەوروپا ئەمڕۆ سێشەم نزیک بووەتەوە لە ئاستێکی پێوانەیی، بە جۆرێک نرخی سووتەمەنیی فڕۆکە لە دەوروبەری 226.4 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و دیزڵیش لە دەوروبەری 203.59 دۆلار جێگیر بووە.
ئەم بەرزبوونەوە پێوانەیییە لە کاتێکدایە کە جەنگی "ئەمەریکا و ئیسرائیل" بۆ سەر ئێران بۆ ڕۆژی 39ـەم لەسەریەک بەردەوامە، لەگەڵ بەردەوامیی ئاڵوگۆڕی گورزە مووشەکییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، هەروەها وەستانی نیمچە تەواوەتیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز، کە ڕێڕەوی سەرەکیی دابینکردنی نەوت و غازی سروشتیی شلکراوەیە لە وڵاتانی کەنداوەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان.