ڕاگه‌یاندنی ئاگربه‌ست بۆ ماوه‌ی دوو هه‌فته له نێوان ئه‌مه‌ریكا و ئێران به نێوه‌ندگیری پاكستان، كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر بازاڕ و بۆرسه‌ی جیهان دروست كردووه و نرخی به‌رمیلێك
نه‌وت كه شه‌وی ڕابردوو له 150 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی نزیك بووه‌وه، به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌م بۆ خوار 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی دابه‌زی.
به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌م له بازاڕی وزه‌ی جیهانی به‌رمیلێك نه‌وتی خامی برنت به ڕێژه‌ی 13.3% نرخی دابه‌زی و گه‌یشته 94 دۆلار و 74 سه‌نت، هاوكات نه‌وتی خامی ئه‌مه‌ریكی به ڕێژه‌ی 14.3% دابه‌زی و به‌رمیلێكی گه‌یشته 96 دۆلار و 83 سه‌نت.
له ماوه‌ی جه‌نگی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل له‌گه‌ڵ ئێران، به‌هۆی داخستنی گه‌رووی هورمز كه ڕێژه‌ی 20%ی نه‌وتی خام بۆ بازاڕه‌كانی جیهان له‌وێوه تێپه‌ڕ ده‌بێت، ئه‌و بڕه زۆره‌ی نه‌وتی نه‌ده‌گه‌یشته بازاڕی وزه له جیهان، ئه‌مه‌یش كورتهێنانی زۆری دروست كردبوو، به‌وهۆیه‌وه نرخی به‌رمیلێك نه‌وت له نزیكه‌ی 70 دۆلاره‌وه بۆ نزیكه‌ی 150 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌رزبووه‌وه، نرخی به‌نزین و گاز له ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا و چین به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌رچاوی به‌خۆیه‌وه بینی.
له ئه‌گه‌ری به‌رده‌وامی جه‌نگ، ئابووریناسان چاوه‌ڕێیان ده‌كرد، نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی خام له 200 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی نزیك ببێته‌وه، ئه‌مه‌یش دنیای تووشی ته‌نگژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی سووته‌مه‌نی ده‌كرد.