وەزارەتی نەوتی عێراق ئەمڕۆ چوارشەم ئاشكرای كرد، بەردەوام دەبێ لە ڕێوشوێنی دڵنیاییدان بە بەكارهێنانی ناوخۆی غاز و پێكهاتە نەوتییەكان لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی ناوخۆیی، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقیش ڕەزامەندیی داوە لەسەر هاوردەكردنی 200 هەزار تۆن غاز بۆ پڕكردنەوەی ئەمبارەكان.
بریكاری وەزارەتی
نەوت بۆ كاروباری دابەشكردنی سەرچاوەكانی سووتەمەنی، لە ڕاگەیەنراوێكدا دووپاتی كردەوە، وەزارەت لە ڕێگەی ئەو ڕێنوێنییانەی كە شانەی تەنگژەكان لەلایەن وەزیری نەوت و جێگری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وزە حەیان عەبدولغەنی سەرۆكایەتی دەكرێت، ڕاسپێردراون بۆ دڵنیایی و دەستەبەری پێویستی ناوخۆی سووتەمەنی بە سەرجەم جۆرەكانیەوە.
لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، وەزارەت ڕەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی وەرگرتووە كە 200 هەزار تۆن غاز هاوردەی عێراق بكات، تا كۆگەكانی ئەمباركردن پڕ ببن و بۆ ماوەیەكی درێژ غاز بۆ پڕكردنەوەی پێویستی ناوخۆیی بوونی هەبێت، لەو ڕێگەیەشەوە بەرهەمی ناوخۆی دەتوانێ پێویستی خەڵك لە سەرانسەری وڵات پڕ بكاتەوە.
هێما بۆ ئەوەیش كراوە، وەزارەتی هەموو تواناكانی خۆی دەخاتە گەڕ، بۆ دەستەبەركردنی سەرجەم جۆرەكانی سووتەمەنی بە بڕێكی زۆر بۆ خەڵك و لایەنەكانی تەناهیش هاوئاهەنگ دەبن لە ڕێگرتن لە قۆرخكاری و گرانكردنی نرخی سووتەمەنی لە بازاڕدا.
لە پاش جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، هەناردەی غاز لە ئێرانەوە بۆ عێراق وەستا، ئەمەیش تەنگژەی كەمی غاز و سووتەمەنییەكانی تری لە ناوخۆی عێراق دروست كردووە.