وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای دەكات، لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر ئەوە رێككەوتوون سیستمێكی ئەسیكۆدای تایبەت بە هەرێمی كوردستان دابنرێت.
وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق لە
راگەیەنراوێكدا كە ئەمڕۆ چوارشەم هەشتی نیسان بڵاوی كردووەتەوە، ئاشكرای دەكات بە سەرپەرشتیی تەیف سامی وەزیری دارایی، كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لە نێوان تیمی حكوومەتی فیدراڵی و تیمی هەرێم بەڕێوەچووە، لەسەر ئەوە رێككەوتوون تیمێكی تایبەت دابنرێت بۆ ئەوەی سیستمی گومرگی "ئەسیكۆدا" تایبەت بە هەرێمی كوردستان دابنرێت.
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، ئەو تیمە یەكگرتوو و هاوبەش دەبێت، دەسەڵات و بەرپرسیارێتی هەر لایەكیش بە وردی دیاری دەكرێت بۆ ئەوەی گەرەنتی بەڕێوەچوونی كارەكان بكرێت. هەروەها تەیف سامی داوای كردووە زمانی كوردیش بۆ سیستمەكە هاوشێوەی عەرەبی و ئینگلیزی دابنرێت، بۆ ئەوەی بە ئاسانی بەڕێوە ببرێت.
وەزارەتی دارایی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگی فیدراڵی و بەڕێوەبەری گشتی گومرگەكانی هەرێمی كوردستان و یاریدەدەرەكەی، راوێژكاری وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و بەڕێوەبەری بەشی تەكنەلۆجیای زانیاری و چەندان بەرپرسی تر لە كۆبوونەوەكەدا بەشدار بوون.