لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ڕێكارە كارگێڕییەكان بۆ جێبەجێكردنی سیستمی "ئەسیكۆدا" دەست پێ دەكات. پاش تەواوبوونی ڕێكارەكان، باجی گومرگی لە سەرجەم دەروازەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی ئەم سیستمە نوێیە وەردەگیرێت.
بەگوێرەی ڕێككەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا، باجی گومرگی لە هەرێمی كوردستان هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عێراقی لێدەكرێت. پێناسی گومرگی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان یەكدەخرێت و هیچ جیاوازییەك لە بڕی وەرگرتنی باجەكاندا نامێنێت.
جێبەجێكردنی ئەم سیستمە ئاسانكاری بۆ بازرگانان دروست دەكات، چونكە دەتوانن بە نرخی فەرمی سوود لە كڕینی دۆلار وەربگرن. هەروەها بەرپرسانی گومرگی هەرێم ڕایان گەیاندووە، پاش جێبەجێكردنی سیستمەكە، داوا لە بەغدا دەكەن ئەو دەروازە سنوورییانەی هەرێم كە تاوەكو ئێستە نافەرمین، بە فەرمی بناسێنرێن.
د. سامی جەلال ڕاوێژكاری وەزارەتی ناوخۆی كوردستان كە ئەندامی شاندەكە بوو، لەمبارەیەوە رای گەیاند، سیستمی ئەسیكۆدا بەپێی یاسا كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت.
گوتیشی، كۆپییەكی تایبەت بە هەرێمی كوردستان دروست دەكرێت، زمانی كوردیی بۆ زیاد دەكرێت، كۆدی تایبەتی سیستمەكە پاسوۆرد و وردەكارییەكانی ڕادەستی حكوومەتی كوردستان دەكرێن، ڕاهێنان بە كۆمەڵێك فەرمانبەری حكوومەتی كوردستان دەكرێت لە هەموو پارێزگاكان بۆ ئەوەی شارەزابن چۆن كار بە سیستمەكە بكەن، ئەوكات دەست بە جێبەجێكردنی دەكرێت. گوتی، پرۆسەكە نۆ مانگ دەخایەنێت.
بپێی زانیارییەكانی "وشە"، ئەمانە مەرج و داواكارییەكانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بوون بۆ جێبەجێكردنی سیستمەكە، وەك خۆیان جێبەجێ دەكرێن.
سیستمی ئەسیكۆدا سیستمێكی دیجیتاڵیی نێودەوڵەتییە بۆ دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكان، عێراق لە سەرەتای ئەمساڵەوە جێبەجێی دەكات لەسەر داواكاریی بانكی ناوەندیی ئەمەریكا بۆ ڕێگریكردن لە سپیكردنەوەی پارە، هەرچەندە حكوومەتی عێراق زۆر گوشاری كرد و ویستی دەست بەسەر دەروازە سنوورییەكان و فڕۆكەخانەكاندا و داهاتی ناوخۆی كوردستاندا بگرێت، تەنانەت چوار مانگ ئابڵۆقەی دۆلاری خستە سەر كوردستان و بەم هۆیەوە داهاتی گومرگەكانی كوردستان نزیكەی 70% دابەزی، بەڵام گوشارەكان سەریان نەگرت و كوردستان نەچووە ژێرباری خواستەكانی دەسەڵاتدارانی بەغدا.
سامی جەلال گوتی، ئەمە سێیەم ڕێككەوتنە لە 20 ڕۆژی رابردوودا لە نێوان هەولێر و بەغدا دەكرێت، 18ـی مانگی رابردوو لەسەر نەوت ڕێككەوتن، دووشەمی ڕابردووش لەسەر باج و پێناسی گومرگی ڕێككەوتن، لەمەودوا بڕی باج و پێناسی گومرگی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەكانی كوردستان و عێراق وەك یەك دەبێت.