وەزارەتی نەوت: هیچ كەشتییەكی نەوتی عێراق بە هورمز تێنەپەڕیوە

:: PM:02:52:09/04/2026 ‌
وەزارەتی نەوتی عێراق دووپاتی دەكاتەوە لەوەتەی ئاگربەست كراوە، هیچ كەشتییەكی نەوتی عێراق تێنەپەڕیوە و كۆمپانیای نەوتی بەسرەیش دەڵێ‌، "بە چەند سەعاتێك دەتوانین دوو ملیۆن بەرمیل نەوت ئامادە بكەین".

بەرپرسێكی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی نیسان بە كەناڵی "العربی" راگەیاندووە، لەوەتەی ئاگربەست كراوە لە نێوان ئەمەریكا و ئێران، هیچ كەشتییەكی نەوتی عێراق بە هورمز تێنەپەڕیوە. دوو رۆژ بەر لە ئاگربەستەكە ئێران رێگەپێدانی تایبەتی بە تێپەڕبوونی نەوتی عێراق دا.

هاوكات هەر ئەمڕۆ باسم عەبدولكەریم بەڕێوەبەری نەوتی بەسرە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا دووپاتی دەكاتەوە، تەواو ئامادەن بۆ ناردنە دەرەوەی نەوت و دەشڵێ‌، "دەتوانین بە چەند سەعاتێك دوو ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنین و بە چەند رۆژێكیش دەتوانین زیاتر لە سێ‌ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنین".

عێراق بەر لە هەڵگیرساندنی شەڕ، چوار ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوتی هەناردەی دەرەوە دەكرد، بەڵام لە كاتی شەڕ بۆ ملیۆنێك و 400 هەزار بەرمیل دابەزی، كە بەشێكی زۆری لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە هەناردە دەكرێت.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل