توركیا و سووریا بەرەو هاوبەشییەكی ستراتیجی هەنگاو دەنێن كە هەموو بوارەكانی پێوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات دەگرێتەوە.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "شەرق ئەوسەت" لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، زنجیرەیەك كۆبوونەوە بەمەبەستی پەرەپێدانی هاوكارییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ لە بوارە جیاجیاكاندا ئەنجام دران.
هاكان فیدان دووپاتی لەسەر پێویستی دوورخستنەوەی سووریا لە لێكەوتە نەرێنییەكانی قەیرانی ناوچەیی ئێستە، لێكەوتەكانی جەنگی نێوان ئێران و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ئیسرائیل كردەوە.
وەزیری دەرەوەی توركیا ڕای گەیاند، كاری لە پێشینەی توركیایە كە ئەو پێشكەوتنانەی لە كاروانی بەدیهێنانی سەقامگیری بەردەوام لە سووریا بەدەست هاتوون، كاریگەریی نەرێنییان لەسەر دروست نەبێت.
گوتیشی، توركیا هەمیشە لەگەڵ سووریا دەبێت و سووریا بۆ توركیا گرنگە.
گفتوگۆكانی ئەو دوو وڵاتە بۆ بەهێزكردنی هاوكاری لە كەرتەكانی وزە، بازرگانی و ژێرخان و بەرزكردنەوەی ئاستی هاوئاهەنگی تەناهیی بۆ كۆنترۆڵكردنی سنوورە هاوبەشەكان، بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشانەی ئاسایشی نیشتمانی دەكەنە ئامانج، وەك خۆیان دەڵێن گرتووەتەوە.
ڕۆژی سێشەمی ڕابردوو كۆڕبەندی وەبەرهێنانی توركیا- سووریا لە ئیستانبوڵ، بە بەشداریی عومەر بۆڵات وەزیری بازرگانیی توركیا و محەمەد نیدال شەعار وەزیری ئابووری و پیشەسازیی سووریا بەڕێوەچوو، تێیدا پەرەپێدانی هاوكاری لە بوارەكانی گواستنەوە، وزە، وەبەرهێنان، بازرگانی و گومرگ تاوتوێ كرا.
بۆڵات لە گوتەیەكدا لە كۆڕبەندەكەدا ڕای گەیاند، بازرگانی تێپەڕین (ترانزێت) ئێستە لە ڕێگەی سووریاوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی كەنداو گونجاوە، دوای پچڕانی بۆ ماوەی 10 ساڵ، چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو كارەكان دەست پێ بكەن، ئەوەش دوای ئاسانكاری لە پێدانی ڤیزە بۆ شۆفێری بارهەڵگرە توركەكان لە ڕێگەی سعوودیەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد كە قەبارەی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتووەتە سێ ملیار 700 ملیۆن دۆلار.
هەروەها عەبدولقادر ئۆرال ئۆغڵو وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی توركیا، لەگەڵ نیدال قەتامین هاوتا ئوردنییەكەی و یەعرووب بەدر هاوتا سوورییەكەی، لە عەمان ڕۆژی سێشەم ڕێككەوتننامەیەكی هاوكاریی سێ قۆڵییان لە بواری گواستنەوەدا واژوو كرد، بە ئامانجی بەهێزكردنی تەواوكاری ناوچەیی و پەرەپێدانی ژێرخانی گواستنەوە، لە سایەی ئەو بارودۆخە نائاساییەی ناوچەكە بەهۆی جەنگی ئێران و لێكەوتەكانی لەسەر زنجیرەكانی دابینكردن و بازرگانی بەخۆیەوە دەبینێت.