ئەنجوومەنی نێودەوڵەتیی فڕۆكەخانەكانی ئەوروپا (ACI) هۆشدارییەكی بەپەلەی داوەتە كۆمسیۆنی ئەوروپا كە ئەگەر لە ماوەی سێ هەفتەی داهاتوودا گەرووی هورمز بەشێوەیەكی جێگیر نەكرێتەوە، كیشوەرەكە رووبەڕووی قەیرانێكی سیستماتیكی كەمیی سووتەمەنیی فڕۆكە دەبێتەوە.
دامەزراوەكە كە نوێنەرایەتی زیاتر لە 600 فڕۆكەخانە دەكات، داوای گرتنەبەری رێكاری خێرا دەكات وەك كڕینی بەكۆمەڵی سووتەمەنی و كەمكردنەوەی بەربەستە یاساییەكان بۆ هاوردەكردن، هەروەها داوای دروستكردنی سیستمێكی تایبەت دەكات بۆ چاودێریكردنی ئاستی بەرهەمهێنان و كۆگەكانی سووتەمەنی.
لەو نامەیەدا كە ئاراستەی كۆمسیۆنی ئەوروپا كراوە، دووپات كراوەتەوە كە قەیرانی سووتەمەنی، نەك تەنیا گەشتە ئاسمانییەكان پەكدەخات، بەڵكو زیانێكی قورس بە ئابووری ئەوروپا دەگەیەنێت.
ئەم هۆشدارییە لە كاتێكدایە كە نرخی نەوت بەهۆی جەنگی ئەمەریكا و ئیسرائیل بەرانبەر بە ئێران، بەراورد بە پێش دەستپێكردنی جەنگەكە زیاتر لە دوو هێندە بەرز بووەتەوە و ئەم قەیرانە دەبێتە هۆی خراپتربوونی لێكەوتە ئابوورییەكان.