دەستەی گومرگی عێراق و هەرێمی كوردستان بە ئامانجی یەكخستنی كارە گومرگییەكان، لە هەولێر كۆبوونەوە و جەخت لە هاوكارییە تەكنیكییەكان بۆ دەروازە سنوورییەكان دەكەنەوە.
دەستەی گومرگی عێراق ڕای گەیاند، لەگەڵ دەستەی گومرگی هەرێمی كوردستان كۆبوونەتەوە و تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە جێبەجێكردنی سیستمی "ئەسیكۆدا" بووە لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی دەستەكە، ئەم هەنگاوە هاوشێوەی دەروازەكانی تری عێراقە و ئامانج لێی پشتیوانیی مۆدێرنكردنی سیستمی گومرگییە لە سەرانسەری وڵاتدا.
دەستەی گشتیی گومرگی عێراق جەختی كردووەتەوە كە حكوومەتی فیدراڵی پشتیوانی لە كاری گومرگی لە هەرێمی كوردستان دەكات.
ئاماژە بەوەش كراوە كە بەغدا ئامادەیە بۆ پێشكەشكردنی هەموو جۆرە هاوكارییەكی تەكنیكی بە هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەك كە كاری دەروازەكان ڕێكبخرێتەوە و ئەم پڕۆسەیەش ببێتە هۆی پەرەپێدانی ئابووریی نیشتمانی.
هەفتەی ڕابردوو هەرێمی كوردستان و بەغدا لەسەر سیستمی ئەسیكۆدا ڕێككەوتن، رێككەوتنەكە بە ڕەچاوكردنی یاساكانی هەرێمی كوردستان لە دەروازە سنوورییەكان جێبەجێبكرێت.
بەیانی ئەمڕۆوە یەكشەم كۆبوونەوەی شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵیی عێراق لە هەولێر لەبارەی گومرگ و سیستمی ئەسیكۆدا دەستی پێكردەوە.
شاندەكەی حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی گومرگەكانی عێراقە و نوێنەری تیمی ئەسیكۆدا، تەكنیككارانی دەستەی گشتیی گومرگەكانی فیدراڵ و بەشی یاسایی كاروباری گومرگی لەخۆدەگرێ.