سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای فڕۆكەوانی لۆفتهانزای ئەڵمانی ئاشكرای كرد، گەیشتنی سووتەمەنیی فڕۆكە بەهۆی جەنگ لە دژی ئێران لە تەواوی ئەمساڵ سنووردار دەبێت، ئەمەیش تێچووی گەشتە ئاسمانییەكان بە تەواوی بەرز دەكاتەوە.
كارستن سپوور سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای فڕۆكەوانیی
لوفتهانزا كە یەكێكە لە كۆمپانیا فڕۆكەوانییە زەبەلاحەكانی ئەڵمانیا و ئەوروپا بەگشتی، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ڕۆژنامەی "فرانكفۆرتەر ئەلگماین تسایتونگ" گوتی، گەیشتنی كیرۆسین بۆ فڕۆكەخانەكان قورس و كەم دەبێت و زۆرترین تێچوویشی دەبێت بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو.
زیاتر گوتی، كەمی كیرۆسین دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچووی گەشتە ئاسمانییەكان، بۆیە پێویستە سیاسەتی دەستپێوەگرتن پێڕەو بكرێت.
لە بەشێكی تری قسەكانی ئاماژەی بەوە دا، گرووپی لوفتهانزا تا ئێستە نەگەیشتووەتە ئەو دۆخەی كە فڕۆكەكانی بەهۆی نەبوونی كیرۆسین بوەستێنێت، بەڵام وریایی دەدەین لەوەی وەستانی فڕۆكەكان بەهۆی بێ سووتەمەنی "كیرۆسین"ەوە، كارێكە كە بە هیچ جۆرێك ناتوانین لێی دەرباز بین لە داهاتوودا، ئەگەر سووتەمەنی بە فرەوانی نەگاتە فڕۆكەخانەكان.