وەزارەتی نەوتی عێراق داوا لە كردنەوەی هێڵێكی نەوتی سعوودیە دەكات

:: PM:02:58:14/04/2026 ‌
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاشكرای دەكات، لە چوارچێوەی هەوڵەكانیان بۆ زیادكردنی هەناردەی نەوت و كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی داخستنی گەرووی هورمز، عێراق هەوڵ دەدات هێڵی سعوودیە زیندوو بكاتەوە كە لە 1991 وە وەستاوە.

ئەمڕۆ سێشەم 14ی نیسان، ساحیب بەزوون گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە لێدوانێكی فەرمی دەڵێ‌، "سیاسەتی وەزارەت ئەوەیە هیچ دەرفەتێك جێنەهێڵی بۆ هەناردەكردنی نەوت". 

گوتەبێژی وەزارەتی نەوت ئاشكرای دەكات، جیا لە هێڵی هەرێمی كوردستان كە نەوتی عێراق بە بەندەری جەیهانی توركی دەگەڕێنێت، كار بۆ ئەوە دەكرێت هێڵی عێراقیش بۆ هەناردەكردنی نەوت ئامادە بكرێتەوە و سەرەڕای ئەمەیش هەناردەی نەوتی رەش بۆ بەندەری بانیاسی سووری بەردەوامە.

گوتەبێژی وەزارەتی نەوت دەشڵێ‌، "تێگەیشتنێك هەیە بۆ كاراكردنەوەی هێڵی سعوودیە كە لە 1991 وە لە كار كەوتووە". 

ئەو هێڵەی وەزارەتی نەوتی عێراق باسی دەكات، لە قەزای زوبێر لە باشووری عێراق دەست پێ دەكات و نەوت بە بەندەری یەنبوعی سعوودی دەگەیەنێت لەسەر دەریای سوور و درێژییەكەی هەزار و 568 كیلۆمەتر دەبێت، توانای گواستنەوەی نزیكەی ملیۆنێك و 500 هەزار بەرمیل دەبێت.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل