بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە رای گەیاند، دۆسیەی هەزار و 200 خانەنشینی پێشمەرگە تەواو كراوە، لەگەڵ مووچەی مانگی چوار مووچەی خانەنشینی وەردەگرن.
بەهۆی ئەوەی خانەنشینی چەندان ساڵ بوو لە كوردستان راوەستابوو، ژمارەیەكی زۆر پێشمەگە و ئەفسەر تەمەنیان گەیشتبووە خانەنشینی، بۆیە وەزارەتی پێشمەرگە مانگانە ژمارەیەكی زۆر لە ئەفسەر و پێشمەرگە مامەڵەی خانەنشینییان بۆ تەواو دەكات.
بڕیارە ئەم مانگە دۆسیەی سەرجەم خانەنشینانی سەربازی ساڵی 2025 و ساڵانی پێشتر تەواو بكرێت، لە مانگی پێنجی ئەمساڵەوە هیچ خانەنشینێكی كۆن نامێنێ مووچەی بۆ نەبەسترێت.
لەمبارەیەوە لیوا حاجی مەلا ئەمین بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە، بۆ "وشە" گوتی، دۆسیەی هەزار و 200 خانەنشینی پێشمەرگە تەواو كراوە، زۆربەیان پلەدارن و لەگەڵ مووچەی مانگی چوار مووچەی خانەنشینی وەردەگرن.
بەگوتەی لیوا حاجی مەلا ئەمین، 700 دۆسیەش ئێستە كاریان لەسەر دەكرێت و تا سەرەتای مانگی داهاتوو تەواو دەكرێن، ئەوانیش لەگەڵ مووچەی مانگی پێنج مووچە وەردەگرن.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی، هەندێك لەو خانەنشینانەی پێشتر خانەنشین بووبوون و مووچەی خانەنشینیان وەرنەگرتبوو، ئەم مانگە لەگەڵ مووچەی مانگی سێ، دوو مووچەیان پێ درا.
بڕیارە مانگانەش لەگەڵ دابەشكردنی مووچە، مووچەیەكی زیادەیان پێ بدرێت تا قەرەبووی تەواوی ئەو مووچانەیان بۆ دەكرێتەوە، چونكە خانەنشین هەیە 14 مووچەی وەرنەگرتووە.