بەپێی ئاماری دەروازە سنوورییەكانی عێراق، داهاتی چارەكی یەكەمی ئەمساڵی دەروازەكانی عێراق بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە 826 ملیار دینار.
لە ساڵی 2003وە عێراق بایەخی بەدەروازەكانی نەداوە، ئەوەش وایكرد گرووپە چەكدارەكان دەستی بەسەردا بگرن و پارەیەكی خەیاڵییان دەست بكەوێت.
بەهۆی ئەوەی ئەمەریكا پێی وابوو پارەی ئەو دەروازانە دەگاتە دەستی سوپای ئێران و بۆ خزمەتی هیلالی شیعی بەكار دێت، فشاری لە عێراق كرد دەروازەكانی كۆنترۆڵا بكات.
بەهۆی فشاری ئەمەریكاوە، عێراق توانیویەتی لە سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵدا داهاتی دەروازە سنوورییەكانی بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بكاتەوە.
سەرۆكی دەستەی دەروازە سنوورییەكانی عێراق ڕای گەیاند، داهاتی چارەكی یەكەمی ئەمساڵی دەروازەكانی عێراق گەیشتووەتە 826 ملیار دینار.
وائیلی ئاماژەی بەوەش كرد كە سەرەڕای جەنگی ئێران، تەنیا لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا داهاتی دەروازە سنوورییەكان 414 ملیار دینار بووە.
لەسەر داوای ئەمەریكا و بۆ رێگریكردن لە تاڵانی داهاتی دەروازەكان، ئێستە سیستمی "ئەسیكۆدا" جێبەجێ دەكرێت كە سیستمێكی نێودەوڵەتییە و لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە چاودێری دەكرێت.
حكوومەتی عێراق لە پلانیدایە لە ڕێگەی زیادكردنی باجی گومرگی و ڕێكخستنەوەی كەرتە نانەوتییەكان، داهاتی نانەوتی بگەیەنێتە ئاستی 17% بۆ 20%، تا ئابووریی وڵاتەكە لە مەترسییەكانی دابەزینی نرخی نەوت بپارێزێت.