ڕووسیا لەبری ئێران نەوت هەناردەی چین دەكات

:: AM:10:11:15/04/2026 ‌

میدیاكانی ڕووسیا لە زاری سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەیان بڵاویان كردەوە، مۆسكۆ ئامادەیە هەناردەی نەوت و وزە بۆ چین و وڵاتانی تر زیاد بكات كە بەهۆی تەنگژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تووشی كورتهێنان لە نەوت و غاز بوونەتەوە.

سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی لە پەكین ئاشكرای كرد، بە دڵنیاییەوە ڕووسیا دەتوانێ قەرەبووی كەمی و كورتهێنانی نەوت و غاز و كەلوپەلی تر بۆ چین و وڵاتانی تر بكات، بە تایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی دەیانەوێ لەسەر بنەمای یەكسانی و بەرژەوەندیی هاوبەشی دوولایەنە كارمان لەگەڵ بكەن.

لە بەشێكی تری قسەكانی وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕای گەیاند، مۆسكۆ و پەكین خاوەنی سەرجەم ئامرازە پێویستەكانن بۆ ئەوەی چیتر پشت بە بازاڕی وزەی دنیا نەبەستن كە ئەمەریكا دەیەوێ بە تەواوی پەكی بخات لە ڕێگەی ئەو تەنگژە و ململانێ قورسەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستی كردووە.

پێشتر نزیكەی 80%ی نەوتی هەناردەكراوی ئێران بۆ دەرەوە لەلایەن كۆماری چینی میلی دەهاتە كڕین، بەڵام ئێستە كە ئەمەریكا گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر هاوردە و هەناردەی ئێران لە ڕێگەی دەریاوە، گەیشتنی نەوتی ئەو وڵاتە بۆ چین بووە بە كارێكی ئەستەم، ئەمەیش چین ڕووبەڕووی تەنگژەیەكی قووڵی سووتەمەنی دەكاتەوە، بۆیە وەك جێگرەوەیەك بۆ نەوتی ئێران، پەكین دەیەوێ نەوت و غاز لە ڕووسیا بكڕێت.


وشە - باز ئه‌حمه‌د