لەمڕۆوە قەیرانی غاز كۆتایی دێت

:: AM:08:56:18/04/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو هەڵمەتێكی فراوانی دابەشكردنی غازی ماڵان دەستی پێ كرد، كە زیاتر لە 20 كارگە كاریان كردووە بۆ ئەوەی زۆرترین ماڵ غازیان بەر بكەوێت و كێشەی غاز چارەسەر ببێت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، زیاتر لە 30 هەزار بوتڵی غاز لە ڕێگەی نزیكەی 400 ئۆتۆمبێلەوە دەڕواتە گەڕەك و كۆڵانەكان و غاز، بە فۆرمی خۆراك دابەشی سەر هاووڵاتییان دەكەن.

بریكارەكانی دابەشكردنی غاز دووپات لەوە دەكەنەوە، غاز ئاسایی دەبێتەوە و وەك جاران ئۆتۆمبێلەكان بە گەڕەك و كۆڵانەكاندا دەگەڕێن.

ئەمەش دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوو بەهۆی شەڕی ئێران و ئەمەریكا و ئیسرائیل، قەیرانی غاز لە كوردستان سەری هەڵدا، هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی بوتڵێك غاز، نۆرەیەكی درێژیان دەبڕی و هەندێك جاریش بەریان نەدەكەوت.

بەڵام وەبەرهێنانی غاز لە كوردستان تەواو ئاسایی بووەتەوە و پێشبینی دەكرێت لەم هەفتەیەدا بگەڕێتەوە دۆخی پێش شەڕ.

ئەندامێكی لیژنەی غاز و سووتەمەنی لە قایمقامییەتی سلێمانی رای گەیاند، لەمڕۆ شەمووەوە قەیرانی غاز بە تەواوی لە سلێمانی نامێنێت، غاز وەك جاران لە بەردەرگەی هەموو ماڵێك ئامادە دەبێت.



وشە - سۆران عەزیز