نرخی مریشك گرانتر دەبێت

:: AM:10:25:19/04/2026 ‌
نرخی مریشكی زیندوو لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان گران بووە، پێشتر كیلۆیەك بە دوو هەزار و 400 دینار بوو، ئێستە گەیشتووەتە سێ هەزار دینار.

بەهۆی شەڕی ئێران و ئەمەریكا و ئیسرائیل و گرتنی گەرووی هورمز، تەواوی پێداویستییەكانی رۆژانە نرخیان هەڵكشاوە و چاوەڕێ دەكرێت گرانتریش ببن.

پێش شەڕ كیلۆی مریشك بە دوو هەزار و 400 دینار بوو، ئێستە لەناو پەلەوەرخانەكان گەیشتووەتە دوو هەزار و 750 دینار، تا دەگاتە بازاڕ و دەستی كڕیار، كیلۆی دەبێتە سێ هەزار دینار.

مریشكفرۆشێكی كەسنەزانی سەربە هەولێر دەڵێت: بەهۆی گرانیی مریشكەوە خواستیش لەسەری  كەم بووەتەوە.

سەعید سورچی كە چەندان ساڵە مریشك دەفرۆشێت، بۆ "وشە" گوتی، نرخی ئێستەی مریشك لە بازاڕدا بەسێ هەزار دینار و هەندێك جار دەگاتە سێ هەزار و 250 دیناریش.

تا دێت كاریگەرییەكانی شەڕ لەسەر بازاڕ زیاتر دەردەكەوێـت و ئەمەش راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دادەنێت.

پەلەوەرخانەكانیش دەڵێن: ئەوانیش هیچ قازانجێك ناكەن، چونكە بەهۆی گرانبوونی پێداویستییەكانەوە، یەك كیلۆ مریشك لەسەر پەلەوەرخانەكان  دوو هەزار و 900 دینار دەكەوێت.

پەلەوەرخانەكانی هەولێر باس لەوە دەكەن ئەوانیش ئێستە لە زەرەردان، بەڵام ناچارن مریشك بخەنە بازاڕەوە و بۆ ئەوەی زیانی زیاتر نەكەن و خەڵكیش بتوانن دەستیان بەگۆشتی مریشك بگات.

بەپێی ئامارەكان، هەرچەندە بەرهەمهێنانی گۆشتی مریشك لە هەرێمی كوردستان زیاترە لە پێویستیی ناوخۆ كە نزیكەی 250 هەزار تۆن دەبێت، بەڵام زۆریی خەرجیی بەرهەمهێنان رێگرە لە دابەزینی نرخ.



وشە - سۆران عەزیز