بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە ئەمڕۆ سێشەم ئاشكرای كرد، ململانێی نێوان ئەمەریكا و ئیسرائیل لە دژی ئێران، دەبێتە هۆكاری گەورەترین تەنگژەی وزە كە دنیا تا ئێستە ڕووبەڕووی تەنگژەی لەمجۆرە نەبووەتەوە.
فاتح بیرۆل بەڕێوەبەری ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە، لە تەك تەنگژەی كەمیی غاز و نەوت و نەگەیشتنی بە ئەوروپا، بەهۆی جەنگی ڕووسیا دژی ئۆكراینا، هەڵگیرسانی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنگژەی وزە لە دنیا قووڵتر و گەورەتر دەكات.
ئاماژەی دا، پەكخستنی جووڵەی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز كە پێنجیەكی نەوت و غازی دنیا لەو ڕێڕەوە بە وڵاتانی هاوردەكاری نەوت و غاز دەكات، دەبێتە هۆی ئەوەی دنیا ڕووبەڕووی تەنگژەیەكی ببێتەوە كە تا ئێستە لە مێژوو بەخۆیەوەی نەبینیوە.
لە پاش هێرشی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، نرخی بەرمیلێك نەوتی خاو بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینی و گەیشتە سەرووی 120 دۆلاری ئەمەریكی، ئەمەیش لە كاتێكدایە پێش جەنگ بەرمیلێك نەوتی خام تا نزیكەی 70 دۆلاری ئەمەریكی بوو.
لە ئەنجامی داخستنی گەرووی هورمز لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە، ئێستە ڕۆژانە نزیكەی 14 ملیۆن بەرمیل نەوت بۆ بازاڕەكانی دنیا كەمی كردووە، كە پێشتر ئەو بڕە نەوتە لەلایەن ئێران و عێراق و وڵاتانی تری كەنداوەوە ڕەوانەی دەرەوە دەكرا.