ئەمڕۆ سێشەم 21ی نیسانی 2026، عەلی عگێلی بازرگان و هاوردەکاری زێڕی عێراقی، ئاشکرای کرد کە ئیمارات ڕێگریی لە ناردنی نیو تۆن زێڕ بۆ عێراق کردووە، ئەوەش سەرەڕای تەواوکردنی سەرجەم ڕێکارە دارایی و گومرگییەکانی پێوەست بە بارەکەوە.
عگێلی لە لێدوانێکدا ڕای گەیاند، لە سەرەتای شەڕی ئێران و ئەمەریکا لە مانگەکانی شوبات و ئاداردا، گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان عێراق و ئیمارات وەستان، ئەمەش بووە هۆی دواکەوتنی گەیشتنی بارەکانی زێڕ لە ئیماراتەوە. ئاماژەی بەوەش دا، دوای دەستپێکردنەوەی گەشتەکان، بازرگانان هەوڵیان داوە بارەکە بە یەکەمین فڕۆکەی "فلای ئیمارات"دا بنێرن، بەڵام هەندێک گەشت هەڵوەشانەوە و دواتر هەوڵیان داوە لە ڕێگەی ئوردنەوە بینێرن.
ئەو بازرگانە ڕوونی کردەوە کە باری یەکەم گەیشتووەتە عێراق، بەڵام ئیمارات ڕێگریی لە ناردنی باری دووەم کردووە، هەرچەندە هەموو پسوولەکان تەواو کرابوون و باجی گومرگیش درابوو. ئەو پێی وایە کێشەکە زیاتر سیاسییە تا بازرگانی، چونکە هیچ کێشەیەکی بازرگانی لەسەر زێڕ نییە، ئیمارات تەنیا کاغەزی کێشی زێڕەکەی داوەتە بازرگانەکان لەگەڵ بەڵێننامەیەک بۆ گەڕاندنەوەی بارەکەیان. دەشڵێت، ئەم ڕێگرییە پێوەندیی بە گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکانەوە هەیە کە کاریگەرییان لەسەر نرخی زێڕی جیهانی هەبووە، لەگەڵ زیادبوونی داواکاریی بانکە گەورەکانی وەک چین بۆ کڕینی زێڕ و بەهێزکردنی یەدەگەکانیان.
عگێلی دووپاتی کردەوە کە بازرگانە عێراقییەکان پێشتر پارەی زێڕەکەیان بە دۆلار یان زێڕی شکاو داوەتە بازرگانە ئیماراتییەکان، بۆیە ئەم ڕێگرییە ڕاستەوخۆ زیان بە بازرگانی عێراقی دەگەیەنێت، چونکە پارەی پێشوەختەی داوە، لە کاتێکدا بازرگانە ئیماراتییەکە پارەکەی وەرگرتووە و بەرپرسیارێتیی لەسەر نەماوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەنجوومەنی وەزاری بۆ ئابووریی عێراق بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن، لە شەشی ئەم مانگەدا بڕیاری دا دەروازەی سنووریی تریبێل لەگەڵ ئوردن، وەک ڕێڕەوی فەرمی بۆ هاوردەکردنی زێڕ بەکار بهێنرێت، ئەوەش تا هەڵگرتنی قەدەغەی ئاسمانی بەهۆی گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکەوە.
بەپێی دوایین ئامارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە، یەدەگی زێڕی عێراق 160 تۆنی تێپەڕاندووە. هەروەها بەپێی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی بۆ مانگی ئاداری 2026، عێراق بە یەدەگی 174.6 تۆن، پلەی سێیەمی لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی گرتووە، کە دەکاتە 24.6٪ـی کۆی یەدەگی دراوی بیانیی وڵاتەکە. عێراق لە ساڵی 2025ـدا چەندان جار بڕی نوێی زێڕی بۆ یەدەگەکەی کڕیوە. سعودیەش بە یەدەگی 323.1 تۆن لە پلەی یەکەمدایە و لبنانیش بە 286 تۆن دووەمە.