نرخی نەوت بەڕێژەی 5% بەرز بووەوە

:: PM:10:24:21/04/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 21ی نیسانی 2026، نرخی نەوت بەڕێژەی 5% بەرز بووەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ڕەتی کردەوە ئاگربەست لەگەڵ ئێران درێژ بکاتەوە.

ترەمپ لە لێدوانێکدا دووپاتی کردەوە کە سوپای ئەمەریکا ئامادەیە بۆ پێشڕەوی ئەگەر دانوستانەکان بەرهەمی نەبێت. لەدوای ئەم لێدوانە، گرێبەستەکانی داهاتووی خاوی برێنت بە بڕی 4.30 دۆلار (یان 4.5%) بەرز بوونەوە و گەیشتنە 99.78 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک. هەروەها خاوی ڕۆژئاوای تێکساسی ئەمەریکی بە بڕی 4.75 دۆلار (یان 5.3%) بەرز بووەوە و گەیشتە 94.36 دۆلار.

لە لایەکی ترەوە، ئیسماعیل بەقایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران سەبارەت بە بەشداریکردن لە دانوستانەکانی پاکستان لەگەڵ ئەمەریکا ڕای گەیاند، ئێران تا ئێستە بڕیاری کۆتایی نەداوە کە بەشداری دەکات یان نا، ئەوەش بەهۆی پەیامە ناکۆکەکان، هەڵسوکەوتە دژبەیەکەکان و ڕێوشوێنە قبووڵنەکراوەکانی ئەمەریکا.

لە بەرانبەردا عەتاوڵا تارار وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان دووپاتی کردەوە کە هەوڵی چڕ هەیە بۆ ڕازیکردنی ئێران بە بەشداریکردن لە گەڕی دووەمی دانوستانەکاندا. ئەمە لە کاتێکدایە کە تەلەڤزیۆنی ئێران سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ڕای گەیاندبوو، تا ئێستە هیچ شاندێکی ئێرانی نەچووەتە ئیسلام ئاباد و تەواوی ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە.

هاوکات ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لە زاری سەرچاوەیەکی پاکستانییەوە ئاشکرای کرد، ئەگەر لە دانوستانەکاندا بگەنە ڕێککەوتن، ئەگەری هەیە دۆناڵد ترەمپ بەشێوەی ڕاستەوخۆ یان ئۆنلاین بەشداری بکات.


وشە - پۆڵا مەحموود