نرخی نەوت بەرز بووەوە دوای تەقینەوەكانی تاران

:: PM:09:54:23/04/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی نیسانی 2026، نرخی گرێبەستەکانی داهاتووی خاوی برێنت، پێنج دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرز بووەوە، ئەوەش دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی چالاکبوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانی لە تارانی پایتەختی ئێران.

ئاژانسی "ڕۆیتەرز" بڵاوی کردەوە، بەرزبوونەوەی نرخی گرێبەستەکانی خاوی برێنت بۆ پێنج دۆلار، ڕاستەوخۆ دوای چالاکبوونی سیستمی بەرگریی ئاسمانی بووە لە تاران. پێشتر میدیاکانی ئێران ڕایان گەیاندبوو کە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پایتەخت چالاک کراوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی "ئامانجێکی دوژمنکارانە. دواتریش ئاشکرایان کرد کە توانیویانە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تێک بشکێنن کە دزەیان کردبووە ناو ئاسمانی ڕۆژئاوای تاران.

لە بەرانبەردا سوپای ئیسرائیل ئەنجامدانی هەر هێرشێکی بۆ سەر ئێران ڕەت کردەوە، هەروەها بەرپرسێکی بەرگریی ئەمەریکیش دووپاتی کردەوە کە هیچ گۆڕانکارییەک لە دۆخی ئاگربەست لەگەڵ ئێراندا ڕووی نەداوە.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، دوێنێ چوارشەم ئەگەری ئەنجامدانی گەڕی دووەمی دانوستانەکانی لەگەڵ ئێران تا ڕۆژی هەینی ڕاگەیاندبوو، هەرچەندە ڕۆژی سێشەم هۆشداریی دابوو کە وڵاتەکەی لەوپەڕی ئامادەباشیدایە بۆ جووڵەی سەربازی و "بۆردمانکردن گونجاوترین ستراتیجە بۆ دەستپێکردن."


وشە - پۆڵا مەحموود