کەشتییەکی گەورە بۆ بارکردنی ملیۆنان بەرمیل نەوت دەگاتە بەندەری بەسڕە

:: PM:01:00:24/04/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 24ی نیسانی 2026، ئاژانسی "ڕۆیتەرز" بڵاوی کردەوە کە کەشتییەکی گەورەی نەوتهەڵگر گەیشتووەتە بەندەری بەسڕە لە عێراق بۆ بارکردنی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو.

بەپێی ئاژانسەکە، کەشتیی "هێلجا" کە ئاڵای دوورگەکانی قەمەری هەڵکردووە، دووەم کەشتییە دەگاتە شۆستەکانی بەندەری دەریایی بەسڕە لە باشوور، ئەوەش لەدوای داخستنی گەرووی هورمزەوە.

پێشتر لە ئەمڕۆدا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشبینیی کردبوو کە پەککەوتنی جموجووڵی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز لە سەرەتای مانگی ئاداری ڕابردووەوە، لێکەوتەی زۆر گەورەی لەسەر بازاڕی وزە دەبێت.

ئەمە لە کاتێکدایە کە كايا كالاس کۆمیساری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا، هەر ئەمڕۆ هەڵوێستی برۆکسلی بۆ مسۆگەرکردنی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز دووپات کردەوە و ڕای گەیاند کە ئەو دۆسیەیە جێی دانوستان نییە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی تێکچوونی زنجیرەی دابینکردنی وزە بەهۆی گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران.


وشە - پۆڵا مەحموود