ئەم هەفتەیە هەشت ملیار و 940 ملیۆن دیناری جوتیارانی كوردستان دابەشدەكرێت

:: AM:09:08:25/04/2026 ‌
پارەی گەنمی جوتیارانی كوردستان لای بەغدا نزیكەی 204 ملیار دینارە، بریارە ئەم هەفتەیە، بەشێك لەو پارەیە كە بڕەكەی هەشت ملیار و 940 ملیۆن دینارە بۆ جوتیارانی كوردستان بنێردرێت.

جوتیارانی كوردستان پارەیەكی زۆریان لای حكوومەتی عێراقە و ئەو پارەیە ساڵانە زیاتر دەبێت، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" بڕی ئەو پارەیەی كە تا ئێستە لای حكوومەتی فیدراڵ ماوەتەوە نزیكەی  204 ملیار دینارە.

بریارە ئەم هەفتەیە گوژمەیەكی تری پارەی جوتیاران لەبەغداوە بگاتە كوردستان لەمبارەیەوە نەسرین ئەحمەد بەڕێوەبەری بازرگانی و دانەوێڵەی سلێمانی ڕای گەیاند، ئەو بڕەی بریارە ناوەراستی ئەم هەفتەیە دەگات، هەشت ملیار و 940 ملیۆن دینارە.

گوتیشی، ئەو پارەی ئێستە دێت شایستەی دارایی ساڵی ڕابردووی گەنمی جووتیارانی هەرێمی كوردستانە.

لە هەشت ملیارەی ئەم هەفتەیە بەسەر جوتیاراندا دابەش دەكرێت، پشكی پارێزگای سلێمانی سێ ملیار و 498 ملیۆن دینارە، پارێزگای هەولێر دوو ملیار و 842 میلۆن دینار و پارێزگای دهۆكیش دوو ملیار و 600 میلۆن دیناری بۆ تەرخان كراوە.





وشە - سۆران عەزیز