شەڕی ئێران ئەمەریكای كردووەتە گەورەترین هەناردەكاری نەوت و غاز

:: PM:08:10:25/04/2026 ‌

هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، كە لە  28ی شوباتی رابردوو دەستی پێ كرد، بووە هۆی وەستانی هاتوچۆی دەریایی و داخستنی گەرووی هورمز لە لایەن ئێران، كە پێنجیەكی نەوتی دنیا لە رێگەی گەرووەكەوە بە بازاڕەكانی دنیا دەگات، چەند راپۆرتێك و بەرپرسانی ئەمەریكا ئاماژە دەكەن كە لە ماوەی هەشت هەفتەی رابردوو، داوكاری لەسەر نەوت و غازی ئەمەریكا زیادی كردووە و ئەو وڵاتە بووەتە هەناردەكاری سەرەكیی نەوت و غاز لە دنیا. 

راپۆرتێكی رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" دەڵێت، بەهۆی دروستبوونی كێشە بۆ گەیشتنی نەوتی كەنداو بۆ بازاڕەكان و ئەو سزایانەی لەسەر نەوتی رووسیا هەیە، وڵاتانی ئاسیا و ئەروپا كێبەركێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی نەوتی خاو و غازی سروشتی و سووتەمەنیی فڕۆكەی ئەمەریكی، بۆیە هەناردەكردنی ئەمەریكا بۆ نەوت و بەرهەمەكانی لە هەفتەی رابردوو گەیشتە ئاستێكی پێوانەیی، گەیشتە 12.9 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە، ئەوەش بەپێی داتای وەزارەتی وزەی ئەمەریكا.

هەر بەپێی داتاكان هەناردنی غازی سروشتی شلكراوی ئەمەریكی زۆر زیادی كردووە و گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی لە ماوەی مانگی رابردوو، ئەو بەرزیەش هیچ نیشانەیەكی كەمبوونەوەی نییە، تا رۆژی چوارشەمی رابردوو زیاتر لە 60 كەشتیی زەبەلاحی بەتاڵی هەڵگری نەوت بەرەو كەنداوی ئەمەریكا یان كەنداوی مەكسیك بەڕێگەوە بوون، واتە نزیكەی سێهێندی بەر لە شەڕەكە، وەك ئاماژەیەك بۆ زیادبوونی هەناردنی ئەمەریكا لە نەوت و غاز بەگوێرەی مانگەكانی پێشوو. 

ئێستە ئەمەریكا بووەتە سەرچاوەیەكی گرنگی بەرهەمە نەوتییەكانی وەك بەنزینی فڕۆكە و غازی چێشتلێنان، كە بەهۆی شەڕی ئێرانەوە زیانی زۆری بەر كەوت، ئێستە وڵاتانی ئاسیا هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ كڕینی نەوت و غازی ئەمەریكا، وەك ژاپۆن، هەرچی ئەوروپایە پێویستی بە غازی ئەمەریكا هەیە بۆ پڕكردنەوەی ئەمبارەكانی بەر لە زستانی داهاتوو، چونكە ئێستە تاكە سەرچاوەی بەردەستە، لە دوای زیانگەیاندن بە كێڵگە غازییەكانی قەتەر.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل