مریشكی كوردستان بازاڕەكانی عێراقی داگیر كردووە

:: AM:10:18:27/04/2026 ‌
هەرێمی كوردستان لە كەرتی پەلەوەردا پێداویستی ناوخۆی پڕ كردووەتەوە و توانای هەناردەی هەیە، لە گۆشتی سور و ماسیدا  زیاتر لەنیوەی لەدەرەوە دەكڕێت.
 
بەپێی داتاكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، لە كەرتی پەلەوەردا  كوردستان گەشەیەكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و ئێستە كۆی گشتی دوو هەزار و 111 پڕۆژەی مریشك و هێلكە و هەن. 

لە  كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمدا بایەخێكی زۆر بە وەبەرهێنانی ناوخۆی درا بۆیە ئێستە هەرێمی كوردستان لە زۆر بواردا خەریكە دەگاتە پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆ، بەپێی ئەو پلانەی حكوومەت هەیەتی دوو ساڵیتر كوردستان نەك پێداویستی ناوخۆ پڕ دەكاتەوە بەڵكو لەزۆر بواردا بەرهەمی بۆ وڵاتانیش دەنێرێت.

لەبواری پەلەوەر سلێمانی و هەڵەبجە خاوەنی زۆرترین پڕۆژەن كە  كەژمارەیان هەزار و 32 پڕۆژەیە، لە هەولێریش زیاتر لە 700 پڕۆژە و لە دهۆكیش 379 پڕۆژەی لێیە.

بەرهەمی مریشك لەم چوار شارەی كوردستاندا  گەیشتووەتە  ئاستی هەناردە، ئێستە زۆرینەی شارەكانی عێراق  بەرهەمی پەلەوەر"گۆشت و هێلكە" لە هەرێمی كوردستان دەكڕن.

بەڵام بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ هێشتا لەبواری گۆشتی سووردا كوردستان نەگەیشتووەتە ئاستی  پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆ، بەجۆرێك تا ئێستە بۆ پڕكردنەوەی بازار هەرێمی كوردستان 55% گۆشتی سوور لەدەرەوە دەكرێت.

پڕۆژەكانی ماسی لە  كوردستان 420 پڕۆژەیە، ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی زیاتر لە سێ هەزار و 400 تۆن ماسییان هەیە. پارێزگای هەولێر 186 پڕۆژەی تێدایە، سلێمانی و هەڵەبجە 175 پڕۆژە و دهۆك بە 59 پڕۆژە. ئێستە كوردستان 60%ـی پێداویستیی ماسی لەناوخۆ دابین دەكات و 40%  لەدەرەوە دەكڕێت.



وشە - سۆران عەزیز