شاندی هەرێمی كوردستان كە پێكهاتووە لە لیژنەكانی گومرگ، بازرگانی، كشتوكاڵ، پیشەسازی، كوالێتیی كۆنترۆڵ و دارایی، لە بەغدان و لەسەر وردەكارییەكانی جێبەجێكردنی سیستمی ئەسیكۆدا و داهاتی ناوخۆ گفتوگۆ دەكەن.
شاندی هەرێمی كوردستان لە شارەزایانی دارایی و گومرگ، بازرگانی، كشتوكاڵ، پیشەسازی و كوالێتیی كۆنترۆڵ پێكهاتووە لە بەغدان، بڕیارە ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەكانیاندا بابەتی سیستمی ئەسیكۆدا و داهاتی ناوخۆ چارەسەر بكەن.
لەبارەی داهاتی ناوخۆوە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی كوردستان دەڵێت: داهاتی نانەوتیی مانگی چواری كۆ كردووەتەوە، بڕەكەی ئەمڕۆ یان سبەی دیاری بكرێت، بۆ بەغدای دەنێرن.
مانگی پێشوو وەزارەتی دارایی هەرێم، بڕی 43 ملیار و 94 ملیۆن دیناری لە داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا نارد، ئەم مانگەش وەزارەتی دارایی عێراق داوای بڕێكی زیاتری كردووە.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، ئەمڕۆ حكوومەتی هەرێم بڕی داهاتی ناوخۆ لەسەر وردەكاریی كۆبوونەوەكەی بەغدا دادەنێت، لە رۆژانی داهاتوودا بۆ بەغدای دەنێرێت.
بەرپرسێكی باڵای كورد لە بەغدا ڕای گەیاند: تەیف سامی و سوودانی رەزامەندییان لە خەرجكردنی مووچەی مانگی چوار داوە.
تا ئێستە هەردوولا لەسەر بڕی ئەو پارەیەی كە دەبێت ڕەوانەی بەغدا بكرێت ڕێكنەكەوتوون. حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێ بەپێی داهاتی ڕاستەقینەی ناوخۆیی پشكەكە دیاری بكات، بەڵام وەزارەتی دارایی فیدراڵ چاوی لە زیادكردنی ئەو بڕەیە. سەرەڕای ئەم جیاوازییانە، چاوەڕوان دەكرێت ڕێكارەكان لە چەند ڕۆژی داهاتوودا خێرا بكرێن.
بەپێی زانیارییەكان، كێشەیەكی رژد لەبارەی مووچەوە نییە، بەو پێیەی حكوومەتی هەرێم نەوت هەناردە دەكات و داهاتی بەغدای زیاد كردووە، بۆیە مووچەی مووچەخۆرانی كوردستان بێ كێشە دەدرێت.