بەرهەمی نەوتی ئێران زیاتر لە نیوە كەم دەبێتەوە

:: PM:01:06:28/04/2026 ‌
میدیایەكی ئەمەریكی بڵاوی كردەوە، ئەگەر ئەمەریكا تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو ئایار/مایۆ بەردەوام بێ لە گەمارۆدانی ئێران، ئەوا بەرهەمی نەوتی ئەو وڵاتە ڕۆژانە بۆ كەمتر لە نیوە كەم دەبێتەوە و چیتر تاران توانای كۆگەكردن و ئەمباركردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی نابێت، ئەمەیش لە كاتێكدایە شەش تا هەشت كەشتیی نەوتهەڵگری ئێران ئێستە لە نزیك ئاوەكانی بەندەری چابهارن و چاوەڕوانی هەڵگرتنی گەمارۆكان و هەناردەكردنی نەوت بۆ دەرەوە دەكەن.

ئاژانسی بلومبێرگی ئەمەریكی ئەمڕۆ سێشەم بڵاوی كردەوە،ژمارەیەك كەشتیی نەوتهەڵگری ئێران لە نزیك بەندەری چابهار لە كەنداوی عومان و دەرەوەی گەرووی هورمز گیرساونەتەوە و چاوەڕوانی هەڵگرتنی گەمارۆی ئەمەریكا بۆ سەر بەندەرەكانی ئێران دەكەن، وێنەی مانگە دەستكردەكان و زانیارییەكانی كۆمپانیای ویندوارد بۆ هەواڵگری دەریایی دەڵێ، "شەش تا هەشت كەشتی زەبەلاحی نەوتهەڵگری ئێران لە ئاوەكانی نزیك بەندەرەكە وەستاون و لە تەكیانەوە كەشتی نەوتگوێزەرەوەی بچووكتر بوونی هەیە".

جووڵەی كەشتیوانی لە گەرووی هورمز تا ئاستێكی زۆر كەم بووەتەوە، تاران لە داهاتوویەكی نزیك ناچار دەبێ بە وەستانی بەرهەمهێنانی نەوت، بەهۆی نەمانی كۆگەی ئەمباركردنی نەوت. كۆمپانیای فۆرتیكسا لە ڕاپۆرتێكدا پێشتر گوتی، گەمارۆكەی ئەمەریكا بە دیاریكراوی لە دەوری بەندەرەكانی ئێران و گەرووی هورمز نییە، بەڵكو 300 میل درێژ دەبێتەوە، لە ڕۆژئاواوە سنووری پاكستان و ئێران بوونی هەیە و لەودیوەیشەوە سنوورەكانی سوڵتاننشینی عومان.

لەو كاتەوەی لە 13 نیسان/ئەپریل تا ئێستە گەمارۆ خراوەتە سەر بەندەرەكانی ئێران، بەرهەمی نەوتی ئەو وڵاتە بە 155 ملیۆن بەرمیل نەوت دەخەمڵێنرێت كە تاران بەرهەمی هێناوە و نەیتوانیوە هەناردەی دەرەوەیان بكات. ئەمەریكایش سوورە لەسەر بەردەوامبوون لە سەپاندنی گەمارۆ و لە ئاوەكانی زەریای هیندی و دەریای عەرەب بە دوای كەشتییەكانی ئێرانەوەیە، هاوكات كۆمپانیای پاڵاوتنی چینی "هنگلی بۆ پترۆكیمیاویاتی خستە ناو لیستی سزاكانەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو كۆمپانیا چینییە نەوتی ئێرانی كڕیوە.

تا ئێستە كەشتییە نەوتهەڵگرە بەتاڵەكانی ئێران ژمارەیان ڕوون نییە، بەڵام تاران بەمدواییە چەند كەشتییەكی نەوتهەڵگری خستووەتەوە كار، تا وەك كۆگەی ئەمباركردنی نەوت سوودیان لێ ببینێت، گەورەترینیان كەشتی نەوتهەڵگری ناشایە كە چوار ڕۆژ پێش ئێستە بەرەو دوورگەی خارگ جووڵەی كردووە، تا لەوێ نەوتی لێ ئەمبار بكرێت.

كۆمپانیای كیبلەر بۆ توێژینەوە لەوبارەیەوە دەڵێ، ئێران بەدەست كەمیی كۆگەی ئەمباركردنی نەوت دەناڵێنێت، ئەوەیش وا دەكات بە خێرایی بەرهەمی نەوتی ئەو وڵاتە كەم ببێتەوە، لە كاتێكدا پێشتر دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەر و هەناردەكاری نەوت بوو لە ناو ڕێكخراوی ئۆپێك، توانای كۆگەكردن و ئەمباركردنی نەوت لە نێوان 12 تا 22 ڕۆژ دەبێت، دوای ئەوە ئیتر ئێران ناتوانێ نەوت ئەمبار بكات، بەهۆی نەبوونی كۆگەوە، بەوهۆیەوە چاوەڕوان دەكرێ بڕی بەرهەمی ڕۆژانەی نەوتی ئێران بۆ 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوت كەم ببێتەوە، ئەمە ئەگەر گەمارۆكە تا ناوەڕاستی مانگی پێنج ئایار/مایۆ بەردەوامی هەبێت.

گرووپی گۆڵدمان ساكس هەفتەی ڕابردوو بڵاوی كردەوە، كۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرووی چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە بەرهەم دەهێنا، بەڵام هەفتەی ڕابردوو ئەو بڕە بۆ 2.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی ڕۆژانە كەم كرایەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د