وەزیری سامانە سروشتییەكان ئاشكرای دەكات، پرۆسەی هەناردەكردنی نەوتی كەركووك بەردەوامە و تا كۆتایی مانگی تەمووزیش، سەرجەم هاوبەشانی كارەبا دەبنە خاوەنی كارەبای 24 سەعاتی.
كەمال محەمەد وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت ڕای گەیاند، بەرهەمهێنانی نەوت لە كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە 60 بۆ 70 هەزار بەرمیل. لەو بڕە، 50 هەزار بەرمیلی بۆ پێداویستیی ناوخۆ بەكار دێت و بڕەكەی تر بۆ دەرەوە دێتە ناردن.
لەبارەی نەوتی كەركووك، وەزیری سامانە سروشتییەكان ئاماژەی بەوە كرد كە لە 18ـی ئادارەوە، ڕۆژانە 160 بۆ 180 هەزار بەرمیل نەوت لە كەركووكەوە هەناردە دەكرێت.
لەبارەی كارەباوە كەمال محەمەد وەك وەزیری كارەبا ڕای گەیاند، تا ئێستە ملیۆنێك و 600 هەزار و هاوبەش چوونەتە ناو پڕۆژەی ڕووناكی، لە كاتێكدا كۆی گشتیی هاوبەشانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 900 هەزار هاوبەشن. پێشبینیشی كرد كە تا كۆتایی مانگی تەمووزی ئەمساڵ، سەرجەم هاوبەشانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان ببنە بەشێك لە پڕۆژەی ڕووناكی.