چەند رۆژێكی تر عێراق ناتوانێ 30% كارەبا دابین بكات
كۆمپانیای ستاندارد ئاند پوورز كە كۆمپانیایەكی ئەمەریكییە لە بواری ئابووری، دووپاتی دەكاتەوە بە هۆی كەمبوونەوەی گازی سروشتی، كارەبای عێراق بۆ 30% دادەبەزێت.
ئەمڕۆ سێشەم 28ی نیسان، ماڵپەڕی
شەفەق نیوز پوختەی راپۆرتێكی كۆمپانیای ستاندارد ئاند پوورزی بڵاو كردووەتەوە، تێیدا باس لەوە دەكات كە عێراق دەچێتە تەنگژەیەكی نوێوە، بەهۆی كەمی گازەوە، بۆیە بڕی پێدانی كارەبا بۆ 30% دادەبەزێت.
لە راپۆرتەكەدا بە ژمارە روون كراوەتەوە، عێراق رۆژانە بۆ بەكارخستنی وێستگەكانی كارەبا، پێویستی بە 50 ملیۆن مەتر سێجا گاز هەیە، كەچی ئێستە ئەو گازەی عێراق بەدەستی دەهێنێت ناگات بە 15 ملیۆن مەتر سێجا. واتە تەنیا 30% پێویستییەكەی دابین دەكرێت، بۆیە چاوەڕێ دەكرێت بەرهەمی كارەبا زۆر دابەزێت، ئەمە لە كاتێكدایە كە عێراق بەرەو گەرمی دەچێت و پێویستی زیاتری بە كارەبا دەبێت.
راپۆرتەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، هەرچەندە بەگوێرەی رێككەوتنەكان ئێران دەبێت رۆژانە 50 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی بە عێراق بدات، كەچی هیچ كاتێك ئەو ئاستەی پێ نەداوە و ئێستەیش بە هۆكاری سیاسی و شەڕەوە، ناتوانێ بەگوێرەی پێویست گازی سروشتی بۆ عێراق دابین بكات.