دۆخی ئابووریی ئێران ڕووبەڕووی قەیرانێكی قوڵ بووەتەوە و بەهای تمەن بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكی ڕیكۆردێكی مێژوویی نوێی دابەزینی تۆمار كرد، تەنیا لە ماوەی چەند سەعاتێكدا نرخی 100 دۆلار بۆ 18 ملیۆن و 200 هەزار تمەن بەرزبووەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 29ـی نیسان، عەبدولرەحمان حاجی كەمال خاوەن نووسینگەی دراو گۆڕینەوە، بە "وشە"ـی راگەیاند، بەهای تمەن بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكی ڕیكۆردێكی مێژوویی نوێی دابەزینی تۆمار كرد.
زیاتر گوتی، ئەم بازدانە گەورەیە لە كاتێكدایە كە پێشتر و لە سەردەمی گرژییە سەربازییەكاندا، بەهای تمەن لە نێوان 15 بۆ 16 ملیۆن جێگیر بوو، بەڵام گۆڕانكارییە سیاسی و ئابوورییەكانی دوای شەڕ، هاوسەنگییەكەی بە تەواوی تێكداوە.
باسی لەوەشكرد، دەستپێكردنی گەمارۆی دەریایی ئەمەریكا و سنوورداركردنی پێوەندییە داراییەكانی ئێران لەگەڵ وڵاتانی كەنداو، هۆكاری سەرەكیی ئەم داڕمانەن.
باسی لەوەشكرد، بۆ یەكەمجارە بەهای تمەن بەم شێوەیە دابەزێت و 100 دۆلار بەرانبەر 18 ملیۆن و 200 هەزار تمەن بێت.