كشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێك زەبرێكە بەر عێراق دەكەوێت

:: PM:02:37:30/04/2026 ‌
رۆژنامەی عەرەبی جەدید بڵاوی كردووەتەوە، كشانەوەی ئیمارات لە رێكخراوی ئۆپێك وەك زەبرێك دەبێت بۆ عێراق، چونكە لەو كاتەدا عێراق لە كەرتی نەوتدا ناتوانێ‌ لەگەڵ رووداوەكان بڕوات، سەرەڕای ئەمەیش مانەوەی یەكڕیزی ئەندامانی ئۆپێك بۆ عێراق پێویستە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی نیسان رۆژنامەی عەرەبی جەدید بڵاوی كردووەتەوە، كشانەوەی ئیمارات لە ئۆپێك هەڵسەنگانی عێراق بۆ كەرتی نەوت ئاڵۆز دەكات و لەوانەیە لە دوو رەهەندەوە كاریگەری بۆ سەر عێراق هەبێت، لە لایەك دەرفەتێكە بۆ عێراق بۆ ئەوەی داهاتی زیاد بكات، بەڵام ئەوەی كێشەیە عێراق لەم بارودۆخەدا ناتوانێ‌ لەگەڵ رووداوەكان بڕوات.

رۆژی سێشەمی رابردوو ئیمارات كشانەوەی خۆی لە رێكخراوی هەناردەكارانی نەوت ئۆپێك و ئۆپێك پڵەس راگەیاند. ئەو كات ئاژانسی رۆیتەرز كە هەواڵەكەی بڵاوكردوە گوتی، "ئەمە زەبرێكە بە هەناردەكارانی نەوت دەكەوێت". ئەندامانی ئۆپێك بڕیارە رۆژی یەكشەمی داهاتوو سێی ئایار كۆببوونەوە بۆ ئەوەی تاوتوێی لێكەوتەكانی كشانەوەی ئیمارات و پێویستییەكانی بازاڕی وزە بكەن.

بەگوێرەی هەڵسەنگاندنی ئەمڕۆ بازاڕی جیهانی پێویستی بە 100 ملیۆن بەرمیل هەیە لە رۆژێكدا، لەگەڵ ئەوەشدا زەحمەتی لە گەیاندن هەیە و چاوەڕوان دەكرێت هێشتا نرخی نەوت بەرزتر ببێتەوە. بۆیە چاوەڕوان دەكرێت ئۆپێك ئاستی بەرهەمهێنان زیاد بكات، بەمەیش هەر وڵاتێكی ئەندام دەبێت بڕێكی زیاتر نەوت بەرهەم بهێنێت.

رۆژنامەی عەرەبی جەدید باس لەوە دەكات، عێراق رووبەڕووی بارودۆخێكی زیاتر ئاڵۆز دەبێتەوە، چونكە بە رێژەی 90% لە داهاتەكەی پشت بە نەوت دەبەستێت، لەو كاتەیشدا هەناردەكەی رووبەڕووی گوشار دەبێتەوە، لە ئەنجامی كێشە لۆجیستییەكان و گرژییەكانی ناوچەكە، ئەمەیش توانای عێراق لە جووڵەكردن لەناو بازاڕی جیهان سنووردار دەكات.

بە بڕوای رۆژنامەكە بەگوێرەی ئەو بارودۆخە، ئاڵەنگارییەكی دووسەرە لەبەردەم عێراق دەردەكەوێت یەكێكیان ئەوەیە پارێزگاریی لە سەقامگیری داهاتە نەوتەكەی بكات و لەلایەكی تریشەوە لەگەڵ گۆڕانكارییەكان بڕوات، بە تایبەتی ئەوەی بە ئەگەر بەرزبوونەوەی ئاستی ركابەری بازاڕ و نرخەوە هەیە. 
عاسم جیهاد شارەزا لە كاروباری نەوت، راوێژكاری پێشووی وەزارەتی نەوت دەڵێ، "بڕیاری ئیمارات لە كشانەوە بۆ لە رێكخراوی ئۆپێك، مەرج نەبوو ببێتە هۆی زیادبوونی بەرهەمی رێكخراوەكە، بەڵام كۆمەڵێك پرسیاری گرنگ هەیە لەسەر مانەوەی رێكخراوەكە بە یەكگرتوویی و تواناكەی لە بەڕێوەبردنی بازاڕی نەوت لە قۆناغی داهاتوودا".

هەر لەسەر هەمان بابەت عاسم جیهاد دەڵێ‌، "عێراق وەك ئەندامێكی دامەزرێنەری ئۆپێك هیچ كاتێك پێی باش نەبووە لە رێكخراوەكە بكشێتەوە و بەڵكو پشتیوانی ئەوە دەكات رێكخراوەكە بەهێز بێت و بتوانێت هاوسەنگی بازاڕ رابگرێت"

ئەحمەد سەباح شارەزاییەكی ترە لە بواری نەوتدا پێیوایە بارودۆخەكە بۆ عێراق ئاڵۆزتر دەبێت، چونكە بەشێكی زۆر لە هەناردەی وەستاوە، ئێستە ناتوانێ‌ سێ‌ ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرهەم بهێنێت، ئەگەر هەناردەكەیشی بە 100 هەزار لە رۆژێكدا بەگوێرەی خواستی بازاڕ زیاد بێت ئەوا ساڵانە دوو ملیار و 500 ملیۆن تا سێ‌ ملیار دۆلاری لە داهاتەكەی زیاد دەبێت، بەڵام لە ئێستەدا ناتوانێ‌ ئەم كارە بكات.

رێكخراوی ئۆپێك كە تایبەتە بە وڵاتانی هەناردەكاری نەوت لە ساڵی 1960 لە بەغدا دامەزراوە و عێراق ئەندامی دامەزرێنەرە، لە ساڵی 1967 ئیمارات لەو رێكخراوە بووەتە ئەندام سێشەمی رابردوو لەو رێكخراوە كشایەوە، ئیمارات بە گەورەترین بەرهەمهێنی كەنداو دادەنرێت لە رۆژێكدا زیاتر لە سێ‌ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت. پوختەی بۆچوونی شارەزایان لەسەر كاریگەری كشانەوەی ئیمارات لە رێكخراوەكە بەسەر عێراق ئەوەیە، عێراق نایەوێ‌ ئۆپیك لاواز بێت چونكە بە تەنیا توانی ئەوە نییە لە بازاڕ كێبڕكێ بكات، دووەم ئەگەر بەرهەمی نەوت لە لایەن ئۆپێكەوە زیاد بێت ئەوا ناتوانێ‌ ئەو كارە بكات، چونكە ئێستە ناتوانێ‌ بەگوێرەی پێویست نەوت هەناردە بكات.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل