وەزارەتی بازرگانی عێراق دووپات دەكاتەوە كە لەم مانگەوە وەرگرتنی پارەی بەشەخۆراكی مانگانە لەلایەن بریكارەكانی خۆراكەوە بەشێوەی كاش قەدەغە دەكرێت و دەبێت بەشێوەی ئەلیكترۆنی بدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم 30ی نیسان، وەزارەتەكە بڵاوی كردەوە كە وەرگرتنی پارەی بەشەخۆراكی مانگانە لە هاوڵاتییان تەنیا بە شێوازی پارەدانی ئەلیكترۆنی دەبێت و وەرگرتنی پارەی كاش لەلایەن بریكارەكانەوە قەدەغە دەكرێت. بە گوێرەی راگەیەنراوی وەزارەتی بازرگانی ئامانج لەم بڕیارە رێكخستنی سیستەمی دارایی و كەمكردنەوەی مامەڵەی كاشە.
راگەیەنراوەكە تێدا نووسراوە، لە پەرلەمانی عێراق 93 واژۆ كۆكراوەتەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بڕینی بەشەخۆراكی فەرمانبەران و هێزە تەناهییەكان، بەڵام دووپات لەوە كراوەتەوە كە بڕینی بەشەخۆراك تەنیا ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە داهاتیان بەرزە، بۆ ئەوەی هاوكارییەكان بگەنە دەستی خەڵكی كەم دەرامەت.
لە هەمانكاتدا، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی دەنگۆی بڕینی بەشەخۆراكی ئەو كەسانەی رەت كردەوە كە مووچەی چاودێریی كۆمەڵایەتی وەردەگرن.
هێشتا دیار نییە ئەو بڕیارەی وەرگرتنی پارە بەشێوەی ئەلیكترۆنی بە چ میكانیزمێك دەبێت و لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ دەكرێت یان نا.