ئەمڕۆ هەینی یەکی ئایاری 2026، ئەسیر داود غڕێڕی وەزیری بازرگانیی عێراق، بڕی 100 ملیار دیناری وەک گوژمەیەکی نوێی شایستە داراییەکانی ئەو جووتیارانە خەرج کرد کە بۆ وەرزی کشتوکاڵیی 2025 گەنمیان ڕادەست کردووە. دووپاتیشی کردەوە کە ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حكوومەتە بۆ پەلەکردن لە پێدانی شایستە داراییەکان و پاڵپشتیکردنی ئەو کەرتە.
لەمبارەیەوە د. حەیدەر نووری گەرعاوی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی دانەوێڵە، لە بەیاننامەیەکدا کە دەست "وشە" کەوتووە، ڕای گەیاند کە ئەم گوژمەیە بەشێکە لە زنجیرەیەک گوژمەی بەدوای یەک کە دوای تەرخانکردنی بڕە پارەیەکی زۆر لەلایەن حكوومەتەوە بۆ بەرژەوەندیی جووتیاران، خەرج دەکرێت تا تەواوی شایستەکانیان پێ بدرێت.
ئاماژەی بەوەش دا کە لەم هەفتەیەدا ئەو پارەیە بەسەر گشت پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت، بۆ ئەوەی لە خێراترین کاتدا بگاتە دەست خاوەنەکانیان. دووپاتی کردەوە کە وەزارەتی بازرگانی بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی و لایەنە پێوەندیدارەکان، کار بۆ ئەوە دەکات خەرجکردنی پارەکە بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە بچێت، ئەوەش بەشدار دەبێت لە جێگیرکردنی باری ئابووریی جووتیاران و هاندانیان بۆ زیادکردنی بەرهەمی کشتوکاڵی بەمەبەستی پاڵپشتیکردنی ئاسایشی خۆراک لە وڵاتدا.
لە کۆتاییدا گەرعاوی ئەوەشی خستە ڕوو، جووتیاری عێراقی کۆڵەکەی سەرەکیی ئاسایشی خۆراکە، ئەو هەوڵە زۆرەش کە لە چاندن و ڕادەستکردنی بەرهەمی گەنمدا دەیدات، شایستەی هەموو پاڵپشتییەکە. دووپاتیشی کردەوە کە وەزارەتی بازرگانی بەردەوام کار دەکات بۆ زامنکردنی مافەکانیان و ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو بۆ بەردەوامیی بەرهەمەکانیان.