ماوەی چەند ڕۆژیكە نرخی هێلكە لە بازاڕەكانی عێراق و كوردستان رووی لە بەرزبوونەوە كردووە، بەراورد بە ساڵانی رابردوو كە لەم وەرزەدا و بە رۆیشتن بەرەو گەرمای زیاتر، نرخی هێلكە دادەبەزی.
ڕوانگەی ئیكۆ- عێراق بڵاوی كردەوە، ئاڵۆزییەكانی گەرووی هورمز بووەتە هۆی گرانبوونی نرخی هێلكە لە بازاڕەكانی عێراقدا، ئەوەش لە بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەكردنی خۆراكی پەلەوەرەوە سەرچاوە دەگرێت.
بەپێی ڕاپۆرتەكەی ڕوانگەكە، بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزەوە، نرخی یەك تۆن ژەمی سۆیا لە 550 هەزار دینارەوە بۆ 700 هەزار دینار بەرز بووەتەوە، هەروەها تێكەڵەی ڤیتامینی "پریمیكس”ـیش لە ملیۆنێك و نیوەوە گەیشتووەتە دوو ملیۆن دینار بۆ هەر تۆنێك.
ڕوانگەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، كە بەرزبوونەوەی تێچووی هاوردەكردنی خۆراكیی پەلەوەرییەوە، سەرەڕای ئەوەی نرخی فەرمیی كارتۆنێك هێلكە لە نێوان 60 بۆ 65 هەزار دینارە، نرخەكە بەرز بووەتەوە بۆ 80 هەزار دینار، بەشێكی ئەو بەرزبوونەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ قۆرخكاریی هەندێك بازرگان لە بازاڕەكاندا.
لەلایەكی ترەوە نەریمان كەریم خاوەنی كارگەی بەرهەمهێنانی هێلكە، زانیارییەكانی ئەو روانگەیەی عێراقی پشتڕاست كردەوە و رای گەیاند، بەهۆی گرانبوونی كەلوپەلی خاو و نرخی خواردن و ڤیتامینەكان، نرخی هێلكە لە بازاڕەكانی كوردستان بەرز بووەتەوە.
هۆگر عەلی بەڕێوەبەری چاودێری بازاڕ، بە "وشە"ی گوت، هەر گرانبوونێك بەبێ هۆكار بێت، ئەوە ئەوان چاودێریی بازاڕ دەكەن و هەر بازرگانێك سزا دەدەن كە قۆرخكاری بكات.