قایمقامییەتی چەمچەماڵ رای گەیاند، سبەی لە ڕێی بریكارەكانی خۆراكەوە دەست بە دابەشكردنی غاز دەكرێت، داوایش دەكەن هیچ كەس بۆ وەرگرتنی غاز سەردانی كارگەكانی غاز نەكات.
ئەمڕۆ شەموو دووی ئایار، قایمقامییەتی چەمچەماڵ لە راگەیەنراوێكدا ئاگەداری هاووڵاتییان دەكاتەوە كە سبەی یەكشەم غاز دەگاتە دەستی بریكارەكان، "بۆیە پێویستە هاووڵاتییان تەنیا پێوەندی بە بریكارەكانی خۆراكەوە بكەن بۆ وەرگرتنی غازەكەیان".
ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، هیچ هاووڵاتییەك بۆ وەرگرتنی غاز سەردانی كارگەكان نەكات، چونكە تەنیا بە فۆڕمی خۆراك دابەش دەكرێت.
باس لەوەیش كراوە، لە شارەدێییەكانی شۆڕش، تەكیە و ئاغجەلەر بەپێی میكانیزمی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتییەكان، غازەكە دابەش دەكەن.