بلومبێرگ: کەشتییەکی زەبەلاحی نەوتی عێراق گەرووی هورمزی بڕیوە

:: PM:10:45:02/05/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو دووی ئایاری 2026، ئاژانسی "بلومبێرگ"ـی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، پێدەچێت لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەشتییەکی زەبەلاحی نەوتهەڵگر کە نەوتی خاوی عێراقی هەڵگرتووە، گەرووی هورمزی بڕیبێت.

ئاژانسەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە چاودێریکردنی کەشتییەکە پشتی بە سیگناڵەکانی بەدواداچوونی دەریایی بەستووە، ئەمەش وا دەکات هەڵسەنگاندنەکە سەرەتایی بێت بەبێ ئەوەی تا ئێستە بەتەواوی پشتڕاست کرابێتەوە.

بلومبێرگ ئەوەی خستووەتە ڕوو کە تێپەڕبوونی ئەو کەشتییە ئاماژەیە بۆ گەڕانەوەیەکی سنوورداری هاتوچۆی هەناردەی نەوت لە ڕێی ئەو دەروازە دەریاییە گرنگەوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان، ئەوەش دوای ئەو پشێوییانەی پێشتر لە ناوچەکەدا ڕوویان دا.

جێی باسە لە 24ـی نیسانی 2026، ئاژانسی ڕۆیتەرز گەیشتنی کەشتیی "هێلگا"ـی ڕاگەیاند کە ئاڵای دوورگەکانی قەمەری هەڵگرتبوو، بۆ بەندەری بەسڕە لە عێراق بەمەبەستی بارکردنی دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی خاو. ئەمەش دووەم کەشتییە دەگاتە شۆستەکانی بەندەرەکە لە دوای داخستنی گەرووی هورمز بەهۆی شەڕی ئەمەریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران لە 28ـی شوباتی 2026.

لە 25ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ڕای گەیاندبوو کە وڵاتەکەی ڕێگەی بە وڵاتانی دۆست داوە بە گەرووی هورمزدا تێپەڕ ببن، لەوانە ڕووسیا، هیندستان، عێراق، چین و پاکستان.

پێشتر لەمڕۆ شەموودا، باسم محەمەد بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق دووپاتی کردەوە کە گەرووی هورمز دەروازەی سەرەکییە بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق، ئاماژەی بەوەش دا کە جێگرەوەکانی تر هەمان توانایان نییە، هاوکات داوای کرد بودجەیەکی پێنج ساڵەی سەربەخۆ بۆ کەرتی نەوت تەرخان بکرێت.


وشە - پۆڵا مەحموود