وەزارەتی دارایی عێراق ئاشكرای دەكات، لە كانوونی دووەم و شوباتی رابردوو داهاتی 15 تریلیۆن و 708 ملیار دینار بووە، كەچی هەر لەو دوو مانگەدا خەرجییەكەی 16 تریلیۆن و 978 ملیار دینار بووە.
ئەمڕۆ دووشەم چواری ئایار
وەزارەتی دارایی عێراق، زانیارییەكان لەسەر داهات و خەرجی هەردوو مانگی كانوونی دووەم و شوبات ئاشكرا دەكات. داهاتی عێراق لەو دوو مانگەدا 15 تریلیۆن و 708 ملیار و 703 ملیۆن و 55 هەزار و 312 دینار بووە.
داهاتی نەوتی 13 تریلیۆن و127 ملیار و528 ملیۆن و 433 هەزار دینار بووە، داهاتی نانەوتیش دوو تریلیۆن و 581 ملیار و 174 ملیۆن و 621 هەزار دینار بووە.
هەروەها لەو دوو مانگەیش 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستانیش خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق.
بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو واتە بە بەراورد بە كانوونی دووەم و شوباتی 2025، ئەوا داهاتی عێراق 13% كەمی كردووە. چونكە ئەوكات 17 تریلیۆن و 427 ملیار و 196 ملیۆن دینار بوو.
خەرجی ئەو دوو مانگەی ئەمساڵیش 16 تریلیۆن و 978 ملیار و 257 ملیۆن و 451 هەزار دینار بووە، 10 تریلیۆن دینار لە مووچە خەرج كراوە، سێ تریلیۆن بۆ مووچەی خانەنشینی، 912 ملیاریش بۆ مووچەی چاودێری كۆمەڵایەتی.
لە 28ی مانگی شوبات واتە دوایین رۆژی مانگەكە، شەڕی ئێران هەڵگیرسا و دواتر لە شەشی مانگی ئادار گەرووی هورمز داخرا، بۆیە هێشتا داهاتی نەوتی و نانەوتی عێراق ئاشكرا نەكراوە كە بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە، چونكە هەناردەی نەوتی عێراق بە رێژەیەكی زۆر كەمی كردووە.
بەگوێرەی لێدوانێكی حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق، بەر لە هەڵگیرسانی شەڕ عێراق نزیكەی چوار ملیۆن و 300 هەزار بەرمیل نەوتی لە رۆژێكدا هەناردەی دەرەوە كردووە، كەچی لە مانگی سێ ئەو رێژەیە كەم بووەوە بۆ ملیۆن و 200 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا كە بەشێكی زۆریشی بۆ پاڵاوگەكانی ناوخۆی عێراق بووە. هەرچەندە بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان رێككەوتووە رۆژانە بڕێكی زۆر نەوت بە بۆڕییەكانی هەرێمی كوردستان هەناردەی دەرەوە دەكات، هەروەها بەشێكی كەمیش بە تانكەر لە رێگەی سووریاوە هەناردە دەكات، بەڵام هێشتا بۆ عێراق كەمە و ناتوانێ هەناردەكەی بە نیوەی ئاستی پێش هەڵگیرسانی شەڕ بگەیەنێت.
هەر بەگوێرەی لێدوانی وەزیری نەوت، عێراق لە دابینكردنی بودجەكە بە رێژەی 90% پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، لە ئاماری دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵیش كە وەزارەتی دارایی ئاماژەی بۆ كردووە داهاتی نەوتی 84% كۆی داهاتی عێراق پێكهێناوە.