هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییە هاوبەشەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، تاران پەنای بۆ داخستنی گەرووی هورمز برد، ئەوەش بەتایبەتی كاری لە عێراق و كوێت كرد، كە زۆرینەی نەوتەكەیان بە گەرووەكەدا هەناردە دەكەن، بۆیە جیا لە كەمبوونەوە زۆری هەناردنی نەوت، كاری لە بەرهەمهێنانی نەوت و بیرە نەوتەكانیش كرد، بەو هۆیەی هاتوچۆی دەریایی بە گەرووەكە ئاسایی نەبووەتەوە، عێراق نرخی نەوتەكەی لە باشوور كەم دەكاتەوە بۆ راكێشانی كڕیاران.
لە دوای دەست پێكردنی شەڕی ئێران لە 28ی شوباتی رابردوو، نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە هەڵكشانە، ئەوەش سوودی زۆری بۆ بەرهەمهێنەرانی نەوت هەبوو، بەڵام بەهۆی وەستانی هەناردنی بەشی زۆری نەوتەكەی، عێراق لەو سوودە بێبەشە، بژارەكانی بەردەم عێراق بۆ هەناردنی نەوتەكەی سنووردارن، ئاژانسی "بلومبێرگ"ی ئەمەریكی ئاماژە دەكات كە عێراق دەستی بە داشكاندنی نرخی نەوتەكەی بۆ كڕیاران لە رێگەی گەرووی هورمزەوە كردووە.
ئاژانسەكە ئاماژە دەكات كە عێراق بۆ راكێشانی كڕیارانی نەوت لەوانەی سەرەڕای بەردەوامیی دۆخەكە توانای تێپەڕبوونیان بە گەرووی هورمز هەیە، بڕیاری داوە داشكان لە نرخی نەوتەكەی تا ئاستی 33.40 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك بكات، ئەوەش بۆ پاراستن و بەردەوامبوونی هەناردنی نەوتەكەی و مانەوەی پشكی لە بازاڕەكانی دنیا، لە سایەی دۆخی ئاڵۆزیی جیۆسیاسیی ناوچەكە.